بەیاننامەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بیست و پێنجەمین ساڵیادی كیمیابارانكردنی شاری هەڵەبجە
بە داخەوە ئەو كات كۆمەڵگای نێودەوڵەتی وەك پێویست بە هانای گەلەكەمان نەهات و ئەو تاوانە گەورەیەیان بە قەبارەی خۆی وەرنەگرت. دوای چەندین ساڵ لە هەوڵ و تێكۆشانی بەردەوام كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ناوەندەكانی بڕیار دانیان بەوەدا نا كە ئەوەی لە هەڵەبجە روویدا كارەساتێكی گەورە بوو ناكرێ مرۆڤایەتی لەبیری بكات.
راستە هەڵەبجە زوڵمی لێكراو بووە قوربانی كێشەی گەلێك؛ بەڵام بووە ناسنامەی ئەو زولم و ستەمەی لە میللەتەكەمان كرا. گەلی كوردستان هەڵەبجە بە ناسنامەی خۆی دەزانێ لە جیهان. هەر بۆیە ڕۆژی 16/3 دەبێتە ڕۆژی ماتەمینی نەتەوەكەمان و لەسەرانسەری كوردستان و لەماڵی هەموو كوردێك ئەم یادە بەرز رادەگیرێت.
خوڕاگری و روانین بەرەو ئایندەی گەشی گەلەكەمان بوو، وای كرد لەو قۆناغە سەخت و دژوارانە دەربازبین و بگەینە قۆناغێك كە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی پشتگیری لە خواست و مافەكانمان بكات. بە هەوڵ و كۆششی حكومەتی هەرێم و دڵسۆزانی گەلەكەمان لە ناوەو دەرەوەی وڵات تا ئێستا لە پەڕلەمانی چەند وڵاتێكی وەكوو سوید و نەرویج و بەریتانیا بە فەرمی دان بەوەدا نراوە كە گەلی كوردستان لەسەر دەستی رژێمی پێشووی عیراق دووچاری جینۆساید هاتووە، ئێمە هەڵوێستی ئەو وڵاتانە بەرز دەنرخێنین. هاوكات هەوڵەكان بەردەوامن بۆ ئەوەی جینۆسایدی گەلەكەمان لە نەتەوە یەكگرتووەكان و وڵاتانی دیكە بە رەسمی بناسێنین.
ئامانجمان لە سازدانی كۆنفڕانسی نێودەوڵەتی سەبارەت بە جینۆساید و ئەنفال، ناساندنی زیاتری ئەو تاوانە گەورانەیە كە لەمێژووی نوێ بەسەر گەلەكەماندا هات، هاوكات بەدەستهێنانی پشتگیری و دڵنیایی كۆمەڵگای نێودەوڵەتیە تا جارێكی تر گەلەكەمان دووچاری جینۆساید و پاكتاوی رەگەزی و ئەنفال و كیمیاباران نەبێتەوە.
لەم یادەدا جارێكی ترحكومەتی هەرێمی كوردستان جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە دەبێت زۆرترین خزمەتگوزاری پێشكەش بەو شارە ئازیزە خێر لەخۆ نەدیوە بكرێت، ژیانێكی شایستە بۆ كەس و كاری شەهیدان مسۆگەر بكرێت. بە هانای برینداران بچێت لە ناوەوەو دەرەوەی وڵات چارەسەری پێویستیان بۆ دابین بكرێت. راستە كاری زۆر كراوە، بەڵام هەرچیەك بۆ هەڵەبجەو هەڵەبجەییەكان بكرێت هێشتا هەر كەمە.
لەویادە خەمناكەدا دووبارە سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی هەڵەبجە و هەموو شەهیدانی كوردستان دادەنەوێنین.
حكومەتی هەرێمی كوردستان
15/3/2013
