لیژنەی گەشەپێدانی پیشەسازی سلێمانی كۆمەڵێك داواكاری بۆ پرۆژەی پیشەسازی تاوتوێی كرد
لەو كۆبوونەوەیەدا كە ئێوارەی ئەمڕۆ 4ی ئادار لەدیوانی پارێزگای سلێمانی بەرێوەچوو، بەوردی گفتوگۆ لەسەر ژمارەیەك لەو داواكاریانە كرا كە ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەكان كراون بۆ بنیاتنانی گارگەی پیشەسازی جۆراو جۆر ، لەو رووەشەوە ژمارەیەك لەو داواكاریانە پەسەندكران و هەندێكی تر لە داواكارییەكان كە مامەڵە یاساییەكانیان تەواو نەبووە بڕیار درا لایەنە پەیوەندیدارەكان بەدواداچوونی زیاتریان بۆ بكەن و چارەسەری كێشە و كەموكوڕییەكانیان بكەن.
پارێزگاری سلێمانیش تەئكیدی كردەوە كە بەهەموو جۆرێك دەبێت پشتیوانی و هاوكاری كارئاسانی بۆ وەبەرهێنەران بكرێت بۆ ئەوەی بتوانن سەرمایەكانیان وەگەڕ بخەن و پرۆژەكانیان پەرەپێ بدەن.
پارێزگار بۆ چارەسەركردنی كێشەی دواكەوتنی مامەڵەی داواكارییەكان لەفەرمانگە حكومیەكاندا داوای كرد كە میكانیزمی وەڵامدانەوەكان باشتر رێكبخرێت
وتیشی: بریارمانداوە هەر فەرمانگەیەك لەماوەی 15 رۆژدا وەڵامی داواكارییەك نەداتەوە ئەو داواكارییە وەك پەسەند كراو مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت ئەمەش بە ئامانجی زووتر رایكردنی ئەو داواكارییانە.
لەبارەی بوونی مەرجەكانی بەرگری شارستانیش لەو كارگانەی مۆڵەتیان پێ دەدرێت پارێزگار رایگەیاند: دەبێت بەرگری شارستانی مۆڵەتی دروستكردنی كارگەو پرۆژە پیشەسازییەكان پەسەند بكات و پێش دەست بەكاربوونیشیان چێكی مەرجەكانی سەلامەتی بكاتەوە.
جێگەی باسە لیژنەی گەشەپێدانی پیشەسازی بەفەرمانی ئەنجومەنی ئابوری هەرێم لە پارێزگاكاندا دامەزراوەو لەسەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكانی بواری پیشەسازی پێكهاتووە بەئامانجی زیاتر گەشەپێدانی كەرتی پیشەسازی و باشتر رایكردنی كاروبارەكانی ئەو بوارە، لیژنەكەش لەئەنجومەنی وەزیرانەوە دەسەڵاتێكی زۆری پێ دراوەو دەتوانێت داواكارییەكان بۆ پرۆژەی پیشەسازی پەسەند بكات و زەوی بۆ ئەو پرۆژانە دابین بكات.
