فوئاد حوسێن: بارزانی، هەفتەی داهاتوو دانوستانەكانی لەبارەی كۆنگرەی نیشتمانییەوە دەست پێ دەكات
فوئاد حوسێن بە ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەتی ڕاگەیاندووە، عێراق بە دۆخێكی قەیراناویی گەورە و دژواردا ڕەت دەبێت، ئەم كێشەیەیش پێوەست نییە بە پێوەندییە دووقۆڵی و سێقۆڵییەكان، بەڵكە كێشەیەكی گشتییە و پێوەندیی بە پرۆسەی سیاسییەوە هەیە. لایەنی ئەو پرۆسەیەیش كێشە لە پێوەندییەكانیاندا هەیە، هەر لەبەر ئەمەیە كە هەندێ ئاماژەی باش لە هەندێ لایەنەوە هەن كە ئامادەییان بۆ \"تەنازول\"" لەپێناو دەربازبوون لەو قەیرانە سیاسییە دەربڕیوە.
حوسێن لەسەر ئەو باوەڕەیشە كە بێ ئاساییكردنەوەی تەواوی دۆخەكە، لە ئێستادا ناتوانرێت باس لە كۆنگرەیەكی بەرفراوان بكرێت كە كۆی لایەنە سیاسییەكان تێیدا بەشدار بن.
سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم زیاتر گوتی، لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بۆ دەرخستنی هەڵوێستی لایەنەكان لە ئامادەییان بۆ تەنازول لەپێناو چارەی قەیرانەكە، لەگەڵ كۆی لایەنە بەشداربووەكانی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا كۆ دەبێتەوە.
بە گوتەی حوسێن، ئامانجی كۆبوونەوە و دانوستانەكانی بارزانی لەگەڵ لایەنەكاندا خستنە بەر باسی ئەو ڕیوشوێن و ئەجێندایانەیە كە دەكرێت ببن بە بنەمای بۆ گەیشتن بە كۆنگرەیەكی نیشتمانیی بەرفراوان؛ بێ ڕێككەوتنی تەواو لەبارەی ئەجێندا و رێكارەكان، زووە باس لە بەستنی كۆنگرە بكرێت."
