په‌رلەمانی بەریتانیا سبەی گفتوگۆ لەسەر جینۆسایدی کورد دەکات

په‌رلەمانی بەریتانیا سبەی گفتوگۆ لەسەر جینۆسایدی کورد دەکات
27 شوبات / فه‌برایه‌ر 2013 (گوڵان میدیا)- سبەی 28ی مانگ لە هۆڵی سەرەکی پەرلەمانی بەریتانیا گفتوگۆ لەسەر بابەتی جینۆسایدی کورد دەکرێت بۆ ئەوەی پرسی بە کۆمەڵ کوشتنی ئەو گەلە بە فەرمی بناسێنرێت. دانیشتنەکەی پەرلەمان دوا بە دوای ئەو سەرکەوتنە مەزنە دێت کە هەڵمەتی کۆکردنەوەی واژووی ئەلەکترۆنی بە خۆیەوەی بینی کە 27600 کەس لە هاووڵاتیانی بەریتانیا دەنگیان بۆی دا و تیایدا داوای وەدەستهێنانی دادپەروەریان کرد بۆ قوربانیانی ئەو تاوانانە. ئەو هەڵمەتە مانگی ئاداری ساڵی ڕابردوو لە لایەن پەرلەمانتاری بە ڕەچەڵەك کورد نازم زەهاوی راگەیندرا وەك هەوڵێك بۆ داواکردن لە حکومەتی بەریتانیا بۆ ئەوەی پرسی بەکۆمەڵ کوشتنی گەلی کورد تاوتوێ بکات و ڕاستی ئەو تاوانانەی کە دەرهەق بە گەلی کورد کراون بە فەرمی بناسێنێت.


دانیشتنەکە لە هۆڵی سەرەکی پەرلەمان لە کاتژمێر دوو و نیوی دوای نیوەڕۆ بەڕێوەدەچێت. سەرکەوتنی دانیشتنەکە و گفتوگۆکان دەبێتە مایەی بە فەرمی ناساندنی جینۆسایدی کورد.

هەڵمەتی کۆکردنەوەی واژووی ئەلەکترۆنی مانگی ئاداری ساڵی ڕابردوو لە لایەن پەرلەمانتاری بە ڕەچەڵەك کورد نازم زەهاوی راگەیندرا وەك هەوڵێك بۆ داواکردن لە حکومەتی بەریتانیا بۆ ئەوەی پرسی بەکۆمەڵکوشتنی گەلی کورد تاوتوێ بکات و ڕاستی ئەو تاوانە بە فەرمی بناسێنێت. لەماوەی یەکساڵەی تەمەنی ئەو هەڵمەتە ڕەوەندی کورد لە بەریتانیا، نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانتارانی بەریتانیا لە سەرجەم پارتە سیاسیەکان پشتگیریان لێکرد، بە تایبەت ئەندامانی گرووپی کوردستان لە پەرلەمانی ئەو ووڵاتە، لە نێوانیشیاندا پەرلەمانتاران ڕۆبەڕت هاڵفن و مێگ مون کە لەم دواییانەدا توانیان سەرکەوتوانە ڕەزامەندی لیژنەی کاری پەرلەمان کە بەرپرسیاریەتی بڕیاردانی دابینکردنی دانیشتنی بۆ پرسەکە لە ئەستۆیە وەدەست بێنن بۆ ئەوەی جینۆسایدی کورد بخرێتە ناو ئەجێندای دانیشتنەکانی پەرلەمانی ئەو ووڵاتە.

پەرلەمانتار ڕۆبەڕت هاڵفن لە دانیشتنی لیژنەکەدا ووتی ئەگەر جینۆسایدی کورد بە فەرمی لە لایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتیەوە نەناسێنرێت، ئەوا بکوژانی گەلی کورد نادرێنە دادگا و بە سزای خۆیان ناگەن. لە لای خۆیەوەش پەرلەمانتار مێگ مۆن ئاماژەی بەوەدا کە گفتوگۆکردن لەسەر جینۆسایدی کورد ڕەنگدانەوەی خۆی دەبێت لەسەر ڕووداوەکانی سوریا. پەرلەمانتار فابیان هامیڵتنیش پشتگیری تەواوی پارتە سیاسیەکانی ناو پەرلەمانی بەریتانیای بۆ ئەو دانیشتنەی پەرلەمان دووپات کردەوە. پەرلەمانتار جەیسن مکاڕتنیش کە ئەفسەرێکی هێزی ئاسمانی بەریتانیا بوو لە زاخۆ لە سەردەمی بەڕێوەبردنی ناوچەی ئارام و پاراستنی گەلی کورد لە لای خۆیەوە ووتی دەستنیشانکردنی دانیشتنێك بۆ تاوتوێکردنی جینۆسایدی کورد لە پەرلەمانی بەریتانیا باشترین سەرەخۆشیە لە یادی بیست و پێنج ساڵەی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە.

لە لای خۆیەوەش خاتوو بەیان سامی عبدالرحمان نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا ووتی: \" جینۆساید کارەساتێك بوو کە خەڵکی کوردی تووشی نەهامەتیەکی بێ وێنە کرد. خێزانی کورد بە هۆی ئەو تاوانانەوە لە یەکتر دابڕێندران. کوڕەکان و باوکەکان بە کۆمەڵ کوژران یان زیندە بەچاڵ كران، ژن و مناڵەکانیشمان بە گازی ژەهراوی بۆمباران کران. ئێمە دەمانەوێت جگە لە خۆمان، دۆستەکانیشمان ئەو نەهامەتیەی کە بەسەر گەلەکەمان هاتوون بناسێن بۆ ئەوەی کەس و کاری قوربانیان و ئەوانەی کە لە سەر ژیان ماون ئەو لاپەرە دابخەن، لە هەمان کاتیشدا ببێتە پەیامێك بۆ ئەو ڕژێمە زۆردارانەی کە بیر لە بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی دەکەنەوە. با بیر لە هەستی کەس و کاری ئەو قوربانیانەمان بکەینەوە کە ئێستا لە بەریتانیا ژیان بەسەردەبەن و خاوەن ڕەگەزنامەی ئەو ووڵاتەن کاتێك لە هۆڵی پەرلەمان دادەنیشن و گوێ لەو دانیشتنەی تایبەت بە جینۆسایدکردنی کەس و کارەکانیان دەگرن.\""

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا لە ڕێگای نامەیەکەوە بە لیژنەکەی ڕاگەیاند کە لەم دواییانە هەردوو پەرلەمانی سوێد و نەرویژ گفتوگۆیان لەمەڕ جینۆسایدی کورد کرد. ئەوەشی ڕاگەیاند کە ڕەوەندی کوردیش لە بەریتانیا پرسیاری ئەوە دەکات ئاخۆ بۆچی پەرلەمانی بەریتانیا بە هەمان کار هەڵناستێت.

شایانی باسە لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا حکومەتی بەریتانیا لە وەڵامنامەیەکدا بۆ هەڵمەتی کۆکردنەوەی واژووی ئەلەکترۆنی ڕایگەیاند کە گەلی کورد لە عیراق زیاترین پشکی نەهامەتی و کارەساتەکانی بەرکەوتووە. بەڵام لە هەمانکاتدا بەیاننامەکەی حکومەتی بەریتانیا ئاماژەی بەوە داوە کە کاری حکومەت نیە بڕیار لەسەر ئەوە بدات ئاخۆ ئەو کارەساتانەی کە گەلی کورد دووچاری بووەتەوە دەکەونە ژێر بابەتی جینۆساید یان نا، لەبەر ئەوەی ئەو بابەتە پرسێکی یاسایی ئاڵۆزە.
دانیشتنی پەرلەمانی بەریتانیا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسی جینۆسایدی کورد لەوانەیە هانی حکومەتی ئەو ووڵاتە بدات بۆ ئەوەی هەڵوێستەکەی خۆی لەمەڕ ئەو پرسە بگۆڕێت"
Top