وەزارەتی ئەوقاف رەتیدەکاتەوە ھیچ قەشەیەک لە کوردستان دەستگیرکرابێت
مەریوان نەقشبەندی بەرێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ KDP.info رایگەیاند: پێش دوو ساڵ لە پارێزگای دھۆک کەسێک بەتۆمەتی سیخوریکردن بۆ وڵاتێکی ھەرێمی دەستگیرکراوە، بەڵام بەداخەوە دوای دادگایکردنی بەشێوەیەکی یاسایی ھەستمان کرد لە ھەندێک رۆژنامە و کەناڵی ئەمەریکی والیکدرایەوە کە ئەم کەسە قەشەیە وپێشتر موسلمان بوە وبۆتە مەسیحی، بۆیە حوکم دراوە بە پێنج ساڵ زیندانی، بەڵام ئێمە لە وەزارەتی ئەوقاف بەتوندی ئەوە رەتدەکەینەوە کە ھیچ کەسێک لە کوردستان بەسیفەتی قەشە یاخود مەلا دەستگیر ناکرێت کە وەزارەتی ئەوقاف ئاگادار نەبێت .
مەریوان نەقشبەندی گوتیشی: ئەو کەسەی دەستگیرکراوە نە قەشەیە و نە کەنیسەی ھەیە و پەیوەندی بەوەزارەتی ئەوقاف نەبووە، چونکە ھەموو قەشەکان کەنیسەکانیان لە وەزارەت تۆمارکراوە، بۆیە ئەو ھەواڵانەی بڵاوکراوەتەوە ھەوڵێکە بۆ شێواندنی پێکەوە ژیانی ئاینی لە ھەرێمی کوردستان، یاخود گوشارێکە بۆ سەرحکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی کەسێک ئازاد بکە کە کاری سیخوری ئەنجام داوە .
نەقشبەندی رونیشیکردوە ئێمە رونکردەوەمان داوە بەو کەناڵە ئەمەریکیانە و کونسولخانەی ئەمەریکا لە ھەولێر و نیگەرانی خۆمانمان لەبارەی بڵاوکردنەوەی ئەمجۆرە ھەواڵانە پێ ڕاگەیاندوون.
ئەو کەسەی دەستگیرکراوە ناوی جەمالە و لە ساڵی2011 بە تۆمەتی سیخوریکردن لەشاری دھۆک دەستگیرکراوە و لە ئێستاشدا لە زیندانی محتە دایە و حووکمەکەشی پێنج ساڵ زیندانییە.
ژمارەیەک رۆژنامە و کەناڵی ئەمەریکی بڵاویانکردۆتەوە کە قەشەیەک لە کوردستان دەستگیرکراوە، لەبەر ئەوەی پێشتر موسلمان بووە و بۆتە مەسیحی.
