كۆنفرانسی پێداچوونه‌وه‌ به‌ پلانی ستراتیژی چوار ساڵه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژ به‌ ئافره‌تان به‌رِێوه‌چوو

كۆنفرانسی پێداچوونه‌وه‌ به‌ پلانی ستراتیژی چوار ساڵه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژ به‌ ئافره‌تان به‌رِێوه‌چوو
25 شوبات / فه‌برایه‌ر 2013 (گوڵان میدیا)- به‌ ئاماده‌بوونی كه‌ریم شه‌نگاری وه‌زیری ناوخۆی حكوومه‌تی كوردستان و به‌رِێوه‌به‌ری گشتی پۆلیس و به‌رِێوه‌به‌ری به‌رِێوه‌به‌رایه‌تی گشتی به‌دواداچووه‌نی توندوتیژی دژ به‌ ئافره‌تان و ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌فسه‌رو به‌رِێوه‌به‌رانی نووسینگه‌و هۆبه‌كانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژ به‌ئافره‌تان كۆنفرانسی پێداچوونه‌وه‌ به‌ پلانی ستراتیژی چوار ساڵه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژ به‌ ئافره‌تان له‌دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ به‌رِێوه‌چوو.

كه‌ریم شه‌نگاری وه‌زیری ناوخۆ له‌گوته‌یه‌كدا رایگه‌یاند: ئامانج له‌به‌ستنی ئه‌و كۆنفرانسه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌پلانی ستراتیژی بكرێ له‌پێناو ده‌وڵه‌مه‌ندكردن و كاراكردنی هه‌وڵه‌كانیش به‌مه‌به‌ستی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هه‌ر توندوتیژییه‌ك كه‌ دژ به‌ئافره‌تان ئه‌نجام ده‌درێ.

وه‌زیری ناوخۆی حكوومه‌تی كوردستان له‌وه‌ڵامی پرسیاری رۆژنامه‌نووسانیش گوتی: به‌شداربووانی ئه‌و كۆنفرانسه‌ گفتوگۆیه‌كی چرِ له‌ماوه‌ی دوو رۆژدا ئه‌نجام ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وان هه‌ر پێشنیاز و تێبینیه‌كیان له‌باره‌ی پلانه‌ ستراتیژیه‌كه‌ و چۆنیه‌تی ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی هه‌یان بێت به‌هه‌ند وه‌رده‌گرین بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین به‌هه‌موو یه‌لاكمان خزمه‌ت به‌پرسی ئافره‌ت بكه‌ین.

گوتیشی: پرسی زیادبوونی رێژه‌ی ته‌لاق ته‌نیا په‌یوه‌ست نییه‌ به‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ، به‌ڵكو ئه‌مه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نیی و لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانی تری حكوومه‌ت و كۆمه‌ڵگه‌ش، هه‌موو لایه‌ك ده‌بێ هاوكار بن بۆ ئه‌وه‌ی رێژه‌ی ته‌ڵاق كه‌م ببێته‌وه‌، ئێمه‌ش هه‌موو هه‌وڵه‌كانمان به‌و ئاراسته‌یه‌ ده‌بێ كه‌ خزمه‌ت به‌ كۆمه‌ڵگه‌ و ئافره‌تی كوردستان بكه‌ین.

لایه‌ خۆیه‌وه‌ كورده‌ عومه‌ر به‌رِێوه‌به‌ری گشتی به‌دواداچوونی توندوتیژی دژ به‌ ئافره‌تان له‌گوته‌یه‌كدا رایگه‌یاند: له‌ماوه‌ ساڵێكدا به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو پلانی ستراتیژییه‌كه‌ جێبه‌جێ بووه‌، له‌پلانه‌كه‌دا هاتبوو كه‌ له‌ماوه‌ی چوار ساڵدا 20 نووسینگه‌ی به‌رِێوه‌به‌رایه‌تیه‌كه‌ بكرێته‌وه‌ كه‌چی ته‌نیا له‌ساڵێك دا 16 نووسینگه‌ كراوه‌ته‌وه‌، برِیاریش دراوه‌ له‌سه‌رجه‌م قه‌زاكاندا نووسینگه‌ و له‌ناحیه‌كانیش هۆبه‌ی ئه‌و به‌رِێوه‌به‌رایه‌تیه‌ بكرێته‌وه‌.

گوتیشی:باڵه‌خانه‌ی پێویست بۆ به‌رِێوه‌به‌رایه‌تیه‌كانی توندوتیژی له‌شاره‌كانی كوردستان ده‌كرێته‌وه‌ و تائێستاش 487 خول و سیمنار و وۆركشۆپ كراوه‌ته‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌نجامدانی كۆنفرانس له‌پلانه‌كه‌دا نه‌بووه‌ كه‌چی 2 كۆنفرانیش ئه‌نجامدراوه‌ و ژماره‌یه‌ك له‌به‌رِێوه‌به‌ری نووسینگه‌كانیش ئافره‌تن و رێژه‌ی ئافره‌تی پۆلیس و كارمه‌ندانی ئافره‌تیش له‌به‌رِێوه‌به‌رایه‌تی و نووسینگه‌و هۆبه‌كان له‌زیاد بووندایه‌.
Top