گرووپه تیرۆریستییهكان ههڕهشهی شاربهدهركردن له كوردانی شاری كهركووك دهكهن
كە دنیا تاریك دەبێت، تەقەكردن لە ماڵی كوردانی كەركووك دەست پێ دەكات. پاش شەوێكی پڕ لە ترس و دڵەڕاوكێ كوردانی ئەو شارە ڕۆژەكەیان بە هەڵگرتنەوەی گوللە و ئەو \""سی دی\""ـیانە دەست پێ دەكەن كە تێیاندا هەڕەشەی تەقاندنەوەی ماڵ و شوێنە گشتییەكانیان بڵاو بووەتەوە.
یەكێك لەو ماڵانەی كە چەند شەوێك لەمەوبەر لە گەڕەكی كوردنشینی ئیمام قاسم دەستدرێژیی گوللەی كراوەتە سەر، ماڵی ڕاگەیاندنكار نەجات كەمالە. نەجات دەڵێت \""نزیكەی هەفتەیەكە كە كەسانی نەناسراو بە ئۆتۆمبێلی مۆدێل بەرزەوە دەستدرێژیی گوللە دەكەنە سەر ماڵە كوردەكان.\""
گەڕەكی ئیمام قاسم بە گوتەی نەجات تا ئێستا ڕووداوی لەم شێوەی تێدا ڕووی نەداوە، بەڵام ئەو شەوە وێڕای ماڵی نەجات چەند ماڵێكی دیكەیش گوللەباران كراون.
نەجات كە بە دەستێكی كامێرای هەڵگرتووە و كڵاشینكۆفێكیشی بە دەستەكەی دیكەوەیە، دەڵێت \""لەوەتەی \""سی دی\""ـی هەڕەشەكردن لە كۆڵان و ماڵەكاندا بڵاو دەكرێنەوە، ترسێكی زۆر لە دڵ و دەروونی خەڵكی گەڕەك نیشتووە.\""
وێڕای دانیشتووانی گەڕەكی ئیمام قاسم، دانیشتووانی گەڕەكەكانی حەسیرەكە، پریادی و ئیسكانیش لەو هەفتەیەدا تەقەیان لێ كراوە. هاوكات لە سیدییەكاندا هەڕەشەی تەقاندنەوەی دادگەی گشتیی كەركووك، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیس، بارەگەی پارێزگا و سەرجەم بنكەكانی پۆلیس و ئاساییش كراوە.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاساییشی كەركووك هەڵۆ نەجات هەڕەشەكردن لە هاووڵاتیان لە رێگەی فڕێدانی \""سی دی\"" و بڵاوكراوەی گرووپە تیرۆریستییەكان پشتڕاست دەكاتەوە و ئەمە بە هەوڵێك بۆ تۆقاندنی خەڵكی شارەكە لە قەڵەم دەدات.
هاوكات سەرچاوەیەكی ئەمنی لە پۆلیسی كەركووك كە نایەوێت ناوەكەی رابگەیەنرێ، ئاشكرای دەكات ئەو هەڕەشانەی لە هاووڵاتیان و دەستگە حكوومییەكانی كەركووك دەكرێن لەلایەن دوو گرووپی تیرۆریستیی قاعیدە و ئەنسارولئیسلامەوە ڕێك دەخرێن.
ئەو سەرچاوەیە دەڵێت \""ناكرێ هەڕەشەكان بە هەند وەرنەگیرێن، چونكە كار گەییشتووەتە تەقەكردن لە ماڵان.\"" ئامانجی ئەم هەڕەشانە بە گوتەی سەرچاوەكە شاربەدەركردنی كوردانی كەركووكە.
هەوڵی گەڕاندنەوەی سەقامگیری
بەڕێوەبەری گشتیی ئاساییشی كەركووك هەڵۆ نەجات وێڕای ئاماژەدان بە دەستگیركردنی چوار كرێكاری كۆمپانیایەكی خزمەتگوزاری كە دەستیان لە بڵاوكردنەوەی \""سی دی\""ـی چالاكییەكانی گرووپە تیرۆریستییەكاندا هەبووە، دەڵێت \""بێكار نەوەستاوین و هەموو هەوڵی خۆمان بۆ سەقامگیركردنی ئاساییش لە شارەكەدا دەخەینە گەڕ.\""
بەڕێوەبەری گشتیی ئاساییی كەركووك ئاشكرای دەكات كە ئەوان بۆ توندوتۆڵكردنی ئاساییشی شارەكە بەنیازن بازنەیەك لە دەوروی شاری كەركووك هەڵبكەنن.
هەڵۆ نەجات كە پێی وایە جێبەجێكردنی ئەو پلانە نیوەی كێشەی ئاساییشی كەركووك چارە دەكات، بە ئەستەمی دەزانێت لە لایەن حكوومەتی فیدڕاڵەوە پەسند بكرێت.
وێڕای جێبەجێكردنی پلانی هەڵكەندنی بازنە، هەڵۆ نەجات لەو بڕوایەدایە كە پێویستە هەوڵی چەند ڕێوشوێنێكی دیكەیش بۆ سەقامگیركردنی ئاساییش لە شارەكەدا بدرێت. ئەو بە پێویستی دەزانێت كە ئەركی پاراستنی بازگەكان بە هێزەكانی ئاساییش بدرێت و وێڕای بەهێزكردنی هەواڵگری، هەڵمەتی پشكنینی فراوانیش لە نێو گەڕەكەكانی شاردا دەست پێ بكات.
لە لایەكی دیكەوە ئەندامی لیژنەی ئەمنیی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك محەممەد كەمال ئاماژە بەوە دەدات كە لیژنەكەیان بە سەرۆكایەتیی پارێزگار لە هەوڵی چارەركردنی رەوشی ئاساییشی شاردایە و چەند پلانێك بۆ توندوتۆڵكردنی ئاساییش لە تاوتووكردندان."
