پارێزگاری سلێمانی: ناهێلین خوێندنگەی فەرەنسی لە سلێمانی دابخرێت
ئەمرۆ 23ی شوبات بەهرۆز محەمەد ساڵح پارێزگاری سلێمانی لەدیوانی پارێزگا لەگەڵ ژمارەیەك لە ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان و كەس وكاری خوێندكاران و ئیدارەی خوێندنگای فەرەنسی لە سلێمانی و بەرێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی كۆبووەوە و لە كۆبوونەوەكەدا بەوردی گفتوگۆ كرا لەبارەی كێشەكانی خوێندنگەی فەرەنسی لە سلێمانی و ئەگەری داخستنی ئەو خوێندنگەیە.
لە كۆبوونەوەكەدا ئاماژە كرا بۆ كێشەی ئیداری و مادی و خراپی بیناو كەمی ژمارەی خوێندكاری ئەو خوێندنگەیەو میكانیزمەكانی چارەسەركردنی ئەو كێشانەو رۆڵی دەزگاكانی حكومەت لەو باریەوە
هەر لەكۆبوونەوەكەدا تەئكید كرایەوە ئەو خوێندنگەیە تەنیا خوێندنگەیەكی ئەهلی ئاسایی نییەو بەڵكو باگراوندی كلتوری و سیاسی خۆی هەیەو مانەوە بۆ سلێمانی وەك پایتەختی رۆشنبیری گرنگی خۆی هەیەو نابێت قوتابخانەكە رووبەرووی داخستن بێتەوە.
لەو رووەوە پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند بەهیچ جۆرێك حەز ناكەن ئەو خوێندنگەیە دابخرێت و تەئكیدی لە باگراوندو كاریگەری ئەو قوتابخانەیە كردووە لە سلێمانیدا وتی\" بەهیچ جۆرێك نابێت ئەو خوێندنگەیە دابخرێت و هەموو هاوكارییەكی ئیدارەی خوێندنگەكە دەكەین بۆ ئەوەی درێژە بەكارەكانیان بدەن \"" پارێزگار دەزگا پەیوەندیدارەكانیشی راسپارد كە مامەڵەیەكی جیا لە چاو خوێندنگە ئەهلییەكاندا لەگەڵ ئەو خوێندنگایەدا بكەین بۆ ئەوەی بتوانێت سەرپێی خۆی بكەوێتەوە.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا بریار درا بە پەلە كۆبوونەوەیەك لەگەڵ ئەو رێكخراوە فەرەنسیەدا بكرێت كە خوێندنگاكە بەرێوەدەبات بۆ ئەوەی بتوان پێكەوە چارەسەری گرفتەكانی ئەو خوێندنگایە بكەن
شیاوی باسە خوێندنگەی نێودەوڵەتی فەرەنسی لە سلێمانی ماوەی چوار ساڵە وەك خوێندنگەیەكی تایبەت لە سلێمانی كراوەتەوەو خوێندنگەیەكی نێودەوڵەتیەو بەسیستمێكی نێودەوڵەتی خوێندكاران فێر دەكات و لەلایەن رێكخراوێكی فیركاری فەرەنسیەوە سەرپەرەشتی دەكرێت، بەڵام بەهۆی كێشەی بیناو كەمی خوێندكارو زۆری تێچوون لەمساڵدا خوێندنگاكە رووبەرووی ئەگەری داخستن بووەتەوەو ئەمەش نیگەرانی كەس و كاری خوێندكارانی ئەو خوێندنگەیەی لێ كەوتۆتەوە.
لەلایەكی تر هەر ئەمڕۆ بەهرۆز محەمەد ساڵح پارێزگاری سلێمانی پێشوازیكرد لە وەفدێكی ژووری بازرگانی كۆماری لاتیڤیاو نوێنەری كۆمپانیای ڤێنت ئیكۆی لاتیڤی
لەدیدارێكدا تواناو پسپۆرییەكانی ئەو كۆمپانیا لاتیڤیەو بوارەكانی كاركردن لەهەرێم گفتوگۆیان لەبارەوە كراو پارێزگار پشتیوانی خۆی بۆ هاتنی كۆمپانیاكانی ئەو وڵاتە بۆ هەرێم دەربڕی و بەوردی باسی گەشەكردن و بوارەكانی وەبەرهێنانی لە هەرێم كرد."
