سلێمانی و ئیسفەهان کار بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانیان دەکەن

سلێمانی و ئیسفەهان کار بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانیان دەکەن
21 شوبات / فه‌برایه‌ر 2013 (گوڵان میدیا)- ئەمڕۆ لە دیوانی پارێزگای سلێمانی کۆبوونەوەیەک لەنێوان \"بەهرۆز محەممەد ساڵح\"" پارێزگاری سلێمانی و \""عەلی رەزا ئیسفەهانی\"" پارێزگاری \""ئیسفەهان\""ی کۆماری ئیسلامیی ئێران و وەفدێکی یاوەری بەرێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا گەشەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانی و کلتوری و گەشتیارییەکانی هەردوو پارێزگا تاوتوێ کرا و رێوشوێنەکانی گەشەپێدانی ئەو پەیوەندایانە و لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەمیان گفتوگۆی لەسەر کرا، بڕیاریشە لەوبارەیەوە کۆنووسێک لەنێوان هەردوو پارێزگادا واژۆ بکرێت.

لەسەرەتای کۆبوونەوەکەدا پارێزگاری سلێمانی بەخێرهاتنی وەفدی میوانی کردو گوتی: خۆشحاڵین ئەمڕۆ میوانداریی ئوستانداری(پارێزگار) یەکێک لە ئوستانە مێژووی و بەتواناکانی ئێران دەکەین و هیوادارین دۆستایەتیی نێوان پارێزگای سلێمانی و پارێزگای ئیسفەهان زیاتر و زیاتر پتەو بێت و هەردوولا سوود لە توانا و ئەزموونەکانی یەکتر وەربگرین .

پارێزگاری سلێمانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا رایگەیاند: پارێزگای سلێمانی یەکێکە لە گەورەترین و زیندووترین پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە وەک پایتەختی رۆشنبیریی هەرێم ناسێنراوە، بۆیە لە رووی کلتورییەوە پارێزگاکەمان توانایەکی گەورەی هەیە و ئەم خاڵەش دەتوانێت هێزی زۆرترمان پێ‌ ببەخشێت بۆ ئاڵوگۆڕی کلتوری لەنێوان ئێمە و پارێزگا دۆستەکانمان لە کۆماری ئیسلامی ئێران.

لەبارەی پێگەی ئابووریی سلێمانیشەوە پارێزگار رایگەیاند: پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ جگەلەوەی لە رووی پیشەسازییەوە پلەی یەکەمی هەیە لەنێو پارێزگانی تری هەرێمدا هاوکات مەڵبەندێکی گەورەی بازرگانییە لە ناوچەکەدا و چەندین خاڵی سنووری هاوبەشمان لەگەڵ ئێران هەیە کە بەهای ئاڵوگۆری بازرگانی تێیدا ساڵانە چەندین ملیارد دۆلارە، لە چوارچێوەی پلانی ستراتیژیی حکومەتی هەرێمیشدا ئێمە لە هەوڵی گەشەپێدانی کەرتەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ و گەشتیاریداین.

لە گوتەیەکیشدا پارێزگاری ئیسفەهان تیشکی خستەسەر توانا پیشەسازی و کلتورییەکانی پارێزگای ئیسفەهان و رایگەیاند، ئەوان خوازیاری گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان پارێزگای ئیسفەهان و هەرێمی کوردستان بەتایبەت لە بوارەکانی ئاڵوگۆڕی کلتوری و سەرمایەگوزاری لە کەرتەکانی گەشتوگوزار و پیشەسازی و بازرگانیدان\"" پارێزگاری ئیسفەهان لەو رووەشەوە چەند پێشنیار و داواکارییەکی خستەڕوو.

لە بەرامبەردا پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند: ئێمە پشتیوانی زۆر لە بواری گەشتیاری و کلتوری دەکەین و خۆشحاڵ دەبین گروپە هونەرییەکانی ئیسفەهان بێنە سلێمانی و چالاکیی هونەری ئەنجام بدەن.

سەبارەت بە کاری خاڵە سنوورییەکانیش بەهرۆز محەممەد رایگەیاند: گرنگیی زۆر بە خاڵە سنورییەکان دەدەین و ئامادەی هەر هاوکارییەکین لەو رووەوە و کار کراوە بۆ چارەسەرکردنی زۆربەی ئەو کێشانەی لەو خاڵە سنوریانەدا هەبوون و تەنیا هەندێک گرفتی کەم ماوە کە لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران لە هەوڵی چارەسەرکردنیداین. داواشی کرد لایەنی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش ئاسانکاری زیاتر بۆ هاتوچوی ئۆتۆمبێلەکان و گەشتیاران بکەن و هەوڵ بدەن لە پێدانی ڤیزا ئاسانکاریی زیاتر بۆ هاوڵاتیانی هەرێم بکەن.

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەش تایبەت بوو بە کارکردن لە بواری کەرتی پیشەسازی و کێشەی کۆمپانیا ئێرانییەکان لە هەرێمی کوردستان و لەو رووەوە چەند پێشنیارێک خرایە روو."
Top