لیژنەی گەڕان بەدوای راستیەكانی ئاگركەوتنەوە لەبەشە ناوخۆیی فیردەوس راپۆرتەكەی خۆی پێشكەش كرد

لیژنەی گەڕان بەدوای راستیەكانی ئاگركەوتنەوە لەبەشە ناوخۆیی فیردەوس راپۆرتەكەی خۆی پێشكەش كرد
21 شوبات / فه‌برایه‌ر 2013 (گوڵان میدیا)- لیژنەی گەڕان بەدوای راستیەكانی ئاگركەوتنەوە لەبەشە ناخۆیی فیردەوس، كە بەبڕیاری سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە1236 لە4/2/2013 پێكهات. كارەكانی خۆی تەواو كردو لەمیانەی راپۆرتەكایاندا دەرەنجام و هەڵسەنگاندنی ئەدای دامودەزگا پەیوەندیدارەكانی حكومەت و پێشنیازی لیژنەكەیان لەگەڵ تەواوی ئەو زانیاری و بەڵگانەی دەستیان كەوتون سەبارەت بەهۆكارەكانی روواوەكە، پێشكەش بەسەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانیان كرد.

سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانیش بڕیاریدا لەبەر رۆشنایی ئەم راپۆرتەدا، داواكاری گشتی تەواوی ئەو زانیاری و بەڵگانەی لیژنەكە لەمیانەی لێكۆڵینەوە دەستی كەوتوون پێشكەش بەدادگا بكات، بۆ ئەوەی لایەنی كەمتەرخەم بەشێوەیەكی قانونی مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت.

بەگوێرەی راپۆرتی لیژنەی گەڕان بەدوای راستیەكانی ئاگركەوتنەوە لەبەشە ناخۆیی فیردەوس ، خاوەنی باڵەخانەكە و لایەنی پەیوەندیدار لەسەرۆكایەتی زانكۆی پۆلۆتەكنیكی سلێمانی كەمتەرخەمیان نواندوەو دەربارەی فەرمانبەرانی كەمتەرخەمیش لەسەرۆكایەتی زانكۆی ناوبراو، ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی خوێندنی باڵای راسپارد بەپێی قانون لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا بكات.

وەك لەراپۆرتی لیژنەكەدا هاتووە ئەدای بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگە پەیوەندیدارەكان(پارێزگاری سلێمانی، بەرگری شارستانی، پۆلیس، فەرمانگەی تەندروستی، سەنتەری هەماهەنگی هاوبەش ) لەشەوی روداوەكەدا باش بووەو بەئەركی خۆیان هەڵساون و توانیویانە سەرەڕای ئەو كەموكورتیانەی لەبواری سەلامەتی لەبەشە ناوخۆیەكەدا هەبوون، ژیانی 140 خوێندكار رزگار بكەن.
Top