نێچیرڤان بارزانى: هه‌رێمى كوردستان ده‌خوازێ هه‌موو كێشه‌كان له‌ ڕێگه‌ى ديالۆگه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن.

نێچیرڤان بارزانى: هه‌رێمى كوردستان ده‌خوازێ هه‌موو كێشه‌كان له‌ ڕێگه‌ى ديالۆگه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن.
19 شوبات / فه‌برایه‌ر 2013 (گوڵان میدیا)- دواى نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ مارتن كۆبله‌ر نوێنه‌رى تایبه‌تى سكرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عیراق كرد. له‌ دیدارێكدا باس له‌ دوایین پێشووه‌چونه‌كانى ڕه‌وشى سیاسيى عیراق و ناوچه‌كه‌ كرا و تیشك خرایه‌ سه‌ر ئه‌و هه‌وڵانه‌ى ده‌درێن له‌پێناو ده‌ربازكردنى عیراق له‌و قه‌یرانه‌ سیاسیيه‌.
نوێنه‌رى تایبه‌تى سكرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عیراق باسى له‌ ئامانجى سه‌ردانه‌كه‌ى بۆ هه‌رێمى كوردستان كرد و گوتى: ده‌خوازین له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگادارى هه‌ڵویستى سه‌ركردایه‌تيى سیاسيى هه‌رێمى كوردستان بین بۆ سه‌رخستنى ئه‌و هه‌وڵانه‌ى ده‌درێن له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنى قه‌یرانى سیاسيى عیراق. هه‌روا گوتى: ئێمه‌ وه‌ك نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ئاماده‌ى هه‌موو پشتگیرى و هاوكاریه‌كین بۆ كۆكردنه‌وه‌ى سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانى عیراق له‌سه‌ر مێزى گفتوگۆ بۆ ده‌سپێكى دیالۆگێكى نیشتمانى له‌پێناو به‌شداريكردنى هه‌موو لایه‌نه‌كان له‌ پرۆسه‌ى سیاسيى عیراق و هێوركردنه‌وه‌ى بارگرژیه‌كان.

له‌ به‌رامبه‌ردا نێچیرڤان بارزانى وێڕاى سوپاس و ده‌ستخۆشى له‌و هه‌وڵه‌ى نوێنه‌رى تایبه‌تى سكرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عیراق، دووپاتى له‌ هه‌ڵوێستى سه‌ركردایه‌تيى سیاسى و حكوومه‌تى هه‌رێم كرده‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى سه‌رجه‌م كێشه‌و پرسه‌ هه‌ڵواسراوه‌كان به‌ دیالۆگ و گفتوگۆ و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ده‌ستوور.
سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان گوتى: ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانى دیالۆگى نیشتمانین به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ هیچ لایه‌نێك په‌راوێز نه‌خرێت و گوێ له‌ بۆچوون و تێڕۆنینى سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان بگیرێت بۆ سه‌رخستنى پرۆسه‌ى سیاسى له‌ عیراق و هاوبه‌شيكردنى ڕاسته‌قینه‌ له ‌ده‌سه‌ڵات. هه‌روا گوتى: ڕێكخراوى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ئه‌زموون و شاره‌زایى زۆرى هه‌یه‌ و ده‌توانێ ڕۆڵى باشتر ببینێ بۆ یارمه‌تیدانى عیراقیه‌كان له‌و قه‌یرانه‌ى عیراق دووچارى هاتووه‌.
Top