لە گەرمیان دوای دە رۆژ بێسەروشوێن بونی گەنجێک، دەرکەوت تەرمەکەی فڕێدراوەتە ئاوی سیروانەوە

لە گەرمیان دوای دە رۆژ بێسەروشوێن بونی گەنجێک، دەرکەوت تەرمەکەی فڕێدراوەتە ئاوی سیروانەوە
19 شوبات / فه‌برایه‌ر 2013 (گوڵان میدیا)- پۆلیسی گەرمیان ئاشكرای کرد، دوای دە رۆژ بێ‌سەروشوێن‌بوونی گەنجێک دەرکەوت ئەو گەنجە بەدەستی هاوڕێکەی کوژراوە و تەرمەکەی خراوەتە ئاوی رووباری سیروانەوە.


گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان، موقەدەم حەسەن محەممەد، بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند: پاش ئەوەی لە بەرواری 9ی ئەم مانگەدا، گەنجێكی تەمەن 19 ساڵ بە ناوی مەریوان محەمەد ساڵح، دانیشتووی دەربەندیخان ون بوو، بە پێی لێكۆڵینەوەكانی پۆلیس دەركەوت ئەو گەنجە لە لایەن هاوڕێیەكیەوە لە نزیک شارەدێی مەیدان بە دەمانچە كوژراوە و دواتر تەرمەكەی فرێدراوەتە نێو ئاوی رووباری سیروانەوە.

موقەدەم حەسەن ئاماژەیدا، پاش ئەوەی گومانیان لە كەسێك هەبوو كە هاوڕێی كوژراوەكەیە و دانیشتووی شارەدێی مەیدانە. لە لایەن بنكەی پۆلیسی مەیدانەوە بانگهێشتی لێكۆڵینەوە كراو دواتر تۆمەتبارەكە دانی بە تاوانەكەیداهینا و هۆكاری رووداوەكەی بۆ كێشەی كەسیی نێوانیان گەڕاندۆتەوە.

گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان، گوتی: ئەم تاوانبارە بە پێی مادەی 406 لە یاسای سزادان بە فەرمانی دادوەر دەستبەسەرە و هاوكات كەسێكی دیكەش كە گوماندەكرێت پەیوەندی بە رووداوەكە هەبێـت، فەرمانی گرتنی بۆ دەركراوە.

رونیشیكردەوە، لە لایەن لایەنە پەیوەندیدارەكان گەڕان بە دوای دۆزینەوەی تەرمی کوژراوەكە لە رووباری سیروان دەستی پێكردووە.
Top