سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كان و وه‌زیره‌ كورده‌كانی به‌غدا كۆده‌بێته‌وه‌

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كان و وه‌زیره‌ كورده‌كانی به‌غدا كۆده‌بێته‌وه‌
18 شوبات / فه‌برایه‌ر 2013 (گوڵان میدیا)- دوێنێ یه‌ك شه‌ممه‌ به‌رێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌ڵاحه‌دین له‌گه‌ڵ سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و وه‌زیره‌ كورده‌كانی حكومه‌تی فیدراڵ كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ، كه‌ به‌رێزان كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌رسه‌لان بایز سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ی بوون ، پرسی گرنگی جیاجیا و ئه‌و كێشانه‌ی كه‌ رووبه‌رووی پرۆسه‌ی سیاسی و دیموكراسی عیراق له‌ ئێستادا ده‌بنه‌وه‌ و رێگا چاره‌كان و چۆنیه‌تی ده‌ربازبوون له‌و ته‌نگژه‌یه‌ی كه‌ دووچاری پرۆسه‌ی سیاسی بۆته‌وه‌ باسیان لێوه‌ كرا .

له‌ سه‌ر ئاستی عیراق ، ئاماده‌بووان :

1- پشتگیری خۆیان بۆ هه‌وڵه‌كانی سه‌رۆك بارزانی دووپاتكرده‌وه‌ بۆ كۆتایی هێنان به‌ ته‌نگژه‌كه‌ و داوایان كرد كه‌ به‌رێزیان به‌رده‌وام بێت له‌و هه‌وڵانه‌ی خۆی ، به‌ راوێژكردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عیراقدا به‌ مه‌به‌ستی دانانی بنه‌ماكانی ده‌وڵه‌تێكی فیدراڵی دیموكراتی دامه‌زراوه‌یی به‌ پشت به‌ستن به‌ ده‌ستوور و پره‌نسیپی پێكه‌وه‌ ژیان و راسته‌قینه‌ .

2- ته‌ئكیدكردن له‌ پرنسیپی ته‌وافوق به‌ پشت به‌ستن به‌ رێككه‌وتنه‌كانی هه‌ولێر و رێككه‌وتنه‌كانی تری نێوان هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان.

3- په‌له‌كردن له‌ ده‌ركردن و كاركردن به‌و یاسایانه‌ی كه‌ پێویستن بۆ به‌دامه‌زراوه‌یی كردنی ده‌وڵه‌تی عیراقی فیدراڵ و راستكردنه‌وه‌ی رێره‌وی حوكمرانی .

4- خستنه‌ ڕووی ئه‌گه‌ره‌كانی په‌ره‌سه‌ندنی بارودۆخی ناوچه‌كه‌ و چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و ئه‌گه‌رانه‌دا.

5- به‌هێزكردنی میكانیزمی كاركردنی نوێنه‌رانی كورد له‌ به‌غدا و به‌هێزكردنی هه‌ماهه‌نگی نێوانیان.

6- جه‌خت له‌ یه‌ك گوتاری گه‌لی كوردستان كرایه‌وه‌ و هه‌موو لایه‌كیش كۆك بوون له‌ سه‌ر بایه‌خی پاراستنی یه‌كریزی و یه‌كهه‌ڵوێستی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كورد.

له‌ سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستانیش ، ئاماده‌بووان ته‌ئكیدیان له‌ سه‌ر به‌رده‌وامی پرۆسه‌ی چاكسازیی له‌ هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه‌ .
Top