گۆڤاری تایمی ئەمەریكایی: ڕەنگە دۆخی نێوان هەولێر و بەغدا پەل بۆ شەڕێكی نێوخۆیی بكێشێت

گۆڤاری تایمی ئەمەریكایی: ڕەنگە دۆخی نێوان هەولێر و بەغدا پەل بۆ شەڕێكی نێوخۆیی بكێشێت
12 شوبات / فه‌برایه‌ر 2013 (گوڵان میدیا)- گۆڤاری تایمی ئەمەریكایی بڵاوی كردووەتەوە كە چاودێران لەسەر ئەو باوەرەن ڕەنگە لە عێراقدا شەڕێكی نێوخۆیی بەرانبەر بە كورد هەڵبگیرسێت، بە هۆی سووربوونی هەرێمی كوردستان لەسەر گەڕان و دەرهێنانی نەوت لە سنوورەكەیدا و ڕەنگە دۆخی شاری كەركووكیش ئاماژەیەك بێت بۆ ئەوە.
لە دەرەوەی شاری كەركووك زۆرێك كێڵگەی نەوتی هەن و ئامادەكارییش هەیە بۆ لێدانی بیری دیكەی نەوت. لە سنووری ئەو شارەدا دوو یەكەی سەربازیی سوپای عێراق بەرانبەر بە هیچزەكانی پێشمەرگە جێگیر كراون. لە نۆڤەمبەری ڕابردوویش بە هۆی قەیرانی دارایی و نەوت و مێژوویییەوە نزیكەی 30 هەزار پێشمەرگە، بە تایبەت لە سنووری پارێزگای كەركووك، بەرانبەر بە هێزێكی زۆری سوپای عێراق جێگیر كران، كە وەها پێدەچێت دۆخێكی دیكەی لەبار بێت بۆ هەڵگیرسانی شەڕێكی نێوخۆیی لە وڵاتێكدا كە زۆر جار لەو جۆرە شەڕانە تێیدا ڕووی داوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، ماڵپەڕی (امارات الیوم) بابەتێكی لە گۆڤاری تایمی ئەمەریكاییەوە وەرگرتووە و بڵاوی كردووەتەوە كە، هۆكاری ئەو بەرەوڕووبوونەوانە زۆر ئاشكران، لەژێر ئەو خاكەدا نزیكەی 66 ملیار بەرمیل نەوت هەیە و ئەمەیش بەسە بۆ وروژاندنی بازاڕی نەوتی جیهانی و گۆڕانكاری لە باری ئابووریی عێراقدا.
لە نۆڤەمبەری ڕابردوو و پاش ڕووداوی تەقەكردنەكەی وێستگەیەكی سوتەمەنی (بەنزینخانەیەك) لە دووزخورماتوو كە لە ئەنجامدا پۆلیسێك كوژرا، هەردوو هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق چوونە دەڤەرەكە و بە هۆیەوە ڕق و كینە لە نێویاندا برەوی سەند. لەو كاتەوە هەردوو هێز، لە كاتی گەڕانیاندا بە نێو شاری كەركووك و (ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم)ـدا كە پانتاییەكەی كەمێك لە ڕووبەری وڵاتی كوێت زیاترە، لیك نزیك دەبنەوە و دۆخەكەیش بۆ هەردوو لا، نەخوازراوە.
سەرۆكوەزیرانی عێراق، نووری مالیكی، لە دێسەمبەری ڕابردوودا هۆشداری دا بە هاوپەیمانەكانی(كورد) و گوتی \"بەرەوڕوویان دەبمەوە و بۆ بەرگرتان لە كاركردنیان لە ناوچەكەدا(ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم).\"" لەو كاتەیشدا كە هێزی هەردوو لا(هەرێمی كوردستان و عێراق) بەرانبەر یەكدین، شەڕ ڕەنگە چاوەڕێ نەكات، یەكێك لە تەقینەوەكانیش كە لە 3ـی ئەم مانگە و لە ڕێی بۆمب و هێرشێكەوە بوو بۆ سەر بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی كەركووك، 36 كەس لە پۆلیس و هاووڵاتی كوژران و زیاتر لە 100ـیش بریندار بوون.
بەپێی زانیارییەكانی نێو ڕاپۆرتەكە، ئەفسەرێكی ئەمەریكایی كە لە 2003 و لە هەرێمی كوردستاندا سەركردایەتیی هێزێكی ئەمەریكای دەكرد، جارێكی دیكە وەك ڕاوێژكاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان گەڕاوەتەوە، دەڵێت \""زۆرێك لەو دۆخانە دەتەقنەوە، ڕەنگە ئەم دۆخەیش بتەقێتەوە و پەل بۆ شەڕێكی نێوخۆیی بكێشێت كە هیچ یەكێك لە دوو لایەنەكە حەزیان لێی نەبێت.\""
بەو هۆیەوەیەی كە هەرێمی كوردستان ناوچەیەكی داخراوە، گرێبەستێكی لەگەڵ دراوسێكەی كە توركیایە واژۆ كردووە كە مەبەست لێی ڕاكێشانی بۆرییەكی نەوتییە كە وەها بڕیارە كۆتایی ئەمساڵ كاری تێدا بكرێت و ئەو نەوتە خاوەی لە خاكی كوردستانی عێراقدا دەردەهێنرێت پێیدا ڕەوانەی دەرەوە بكرێت. یەكێك لەو گرفتانەیشی كە هەرێمی كوردستان پێیەوە دەناڵێنێت ئەوەیە كە عێراق دەڵێت كە تاكە لایەنە دەبێت باڵ بەسەر هەناردەكردنی نەوتدا بكێشێت و بەبێ هێلی بۆریی نەوتییش كە نەوتی خاوی لێوە بۆ بازاڕەكانی جیهان ڕەوانە بكرێت، نەوت بۆ هەرێم واتایەكی نابێت؛ هەر ئەمەیشە كە دووبەرەكی خستووەتە نێوان هەولێر و بەغداوە و بەرەنجامەكەیشی ڕەنگە بەروڕووبوونەوەیەكی نەخوازراو بێت.
ڕاپۆرتەكە نووسیویەتی، بەغدا هەڕەشەی بكاربردنی هێز دەكات بۆ شكستپێبردنی هەناردەكردنی نەوتی كوردستان لە ڕێی بارهەڵگرەكانەوە (ڕۆژانە 70هەزار بەرمیل بۆ توركیا ڕەوانە دەكات)، هاوكات هەوڵ دەدات بەر بەو هێڵە بۆرییەی نەوت بگرێت كە وەها بڕیارە لە هەرێمەوە بۆ توركیا بكسێشرێت.
لە مانگی مایۆی ڕابردوویش سەرۆكوەزیرانی عێراق، نووری مالیكی، داوای لە سەرۆكی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا كرد بڕوا لای كەورەكۆمپانیای وڵاتەكەی ئێكسۆن مۆبیل پێك بهێنێت تا چالاكییەكانی لە هەرێمی كوردستاندا بوەستێنێت؛ بەڵام ئەو داوایەی مالیكی كاریگەریی نەبوو، لەبەر ئەوەی ئۆباما پێی ڕاگەیاندبوو كە حكوومەتی ئەمەریكا هیچ دەستەڵاتێكی بەسەر كۆمپانیا تایبەتەكانەوە نییە، ئەمەیش سەرباری ئەوەیە كە كۆشكی سپی پێشتر سەرجەم كۆمپانیاكانی بواری نەوتیی وڵاتەكەی ئاگادار كردبووەوە كە بێ ڕەزامەندیی بەغدا گریبەست واژۆ نەكەن كە ڕەنگە پشێوی لێ بكەوێتەوە.
لەلایەكی دیكەوە سەرۆكی ئەنجوومەنی كاری ئەمەریكایی لە عێراق، حوسێن گراگولی، دەڵێت \""كۆمپانیا ئەمەریكاییەكان حەز دەكەن لە هەر جێیەك وەبەرهێنان بكەن لە هەر ناوچەیەكی عێراقدا، بڕایارەكانیشیان لە ئاست و شێوەی وەبەرهێنانەكە(چەندە لە بەرژەوەندییانە) لە ناوچەكەدا دەدەن.\""
لە كۆتایی ئەو ڕاپۆرتەدا كە ماڵپەڕە ئیماراتییەكە بڵاوی كردووەتەوە ئاماژە دراوە كە هێشتا هەردوو لایەنی هەرێم و بەغدا پێك ناكۆكن، ڕەنگە بچووكترین ڕووداو شەڕێك هەلبگیرسێنێت كە هیچیان خەزیان لێی نەبێت، ئەمە بە گەڕانەوە بۆ دۆخی كەركووك و ئەو سەنگەرانەی كە هەردوو لا بەرانبەر بە یەكدی لێیان داوە.
لە ڕاپۆرتەكەدا ڕای پێشمەرگەیەك وەرگیراوە كە لەسەنگەرەكەیدا كە گردێكی بچووكە، گوڵێك و ئاڵایەكی بچووكی كوردستانی بە دەستەوەیە دەڵێت \""حەز بە شەڕ ناكەین\""، زیاتر دەڵێت \""بەڵام ئەگەر ناچار بكرێین و بۆ شەڕ پەلكێشمان بكەن، ئەوا سوپای عێراق دەبەزێنین.\"""
Top