سهرۆك بارزانی و سهرۆك وهزیرانی ئێرلهندای باكوور جهختیان لهسهر ههماههنگی ئابووری و بازرگانی ههردولا كردهوه
سەرۆک وەزیرانى ئیرلەنداى باکوور باسى رەوشى پێشوو و ئێستاى هەرێمەکەى کرد کە چۆن پێش چەند ساڵێک لە بەر ناکۆکى تایفەگەری و نەتەوەییەوە ئەو و جێگرەکەى ئامادەى نەبوون لەگەڵ یەکتر دابنیشن ، ئێستا پێکەوە سەرکردایەتى گەورەترین پرۆسەى ئاشتەوایی ناوخۆیى دەکەن .
لە لاى خۆیەوە جێگرى سەرۆک وەزیران ستایشى رەوشى هەرێمى کوردستانى کرد و رایگەیاند کە لە نزیکەوە چاودێرى رەوشى هەرێمى کوردستان دەکەن و خۆشحاڵن بەو سەقامگیرییە و بەرەوپێشچوونەى کە لە ژێر سەرکردایەتى حەکیمانەى سەرۆک بارزانى ئەنجام دراون و ئەوەشى راگەیاند کە هەرێمى ئێرلەنداى باکوور بە چاوێکى پڕ رێز و بەرزەوە سەیرى قوربانیان و خەباتى درێژخایەنى گەلى کوردستان دەکەن و خوازیارن پەیوەندییەکى قۆلتر و فراوانتر لەگەڵ هەرێمى کوردستان دروست بکەن .
لە لایەن خۆیەوە سەرۆک بارزانى سوپاسى ئەو پێشوازییە گەرمەى کرد کە لە خۆى و شاندەکەى هەرێمى کوردستان کراوە و رایگەیاند کە زۆر شتى هاوبەشى هەرێمى کوردستان و ئێرلەنداى باکوور کۆدەکاتەوە ، هەرێمى کوردستان بەر لە راپەڕینى 1991، 182 هەزار کەسى بێ سەر و شوێن کرابو و زیاتر لە 4500 گوندیشى خاپورکرابوو ، بەڵام دواى گەیشتنى بە ئازادى گەلى ئێمە بە دواى تۆڵەسەندنەوە نەگەڕا، بەڵکو رێگەى لێبوردنى گرتەبەر ، چونکە بڕوامان وابوو کە تەنها لە دۆخى ئاشتى و سەقامگیریدا دەتوانین هەرێمەکەمان ئاوەدان بکەینەوە و بەرەو پێشتری ببەین ، خراپترین شت ئەوەیە کە کێشە لە نێو یەک ماڵدا هەبێت ، ئێمەش هەمان کێشەمان هەبوو ، بەڵام وەکو ئێوە توانیمان ئەو قۆناخە ناخۆشە ببڕین و ئێستا خەریکى دووبارە ئاوەدانکردنەوەى هەرێمەکەمانین .
ئەمەو لە تەوەرێکى دیکەى ئەو کۆبوونەوەیەدا ، باسى پەیوەندى ئابوورى و بازرگانى نێوان هەر دوولا کرا و هەر دوولاش خۆشحاڵى خۆیان دەربڕى بەرامبەر بە بوونى ئەو پەیوەندییە و ئاماژەشیان بەوەکرد کە دەتوانرێ لە زۆر بواردا هاوکارى یەکتر بکەن و سوود لە ئەزموونى یەکتر وەرگرن .
سەرۆک بارزانى دووپاتیکردەوە کە راستە هەرێمێکى دەوڵەمەندمان هەیە بە تایبەتى لە رووى وزەوە ، بەڵام ناکرێ تەنها پشت بە وزەوە ببەستین ، بەڵکو دەبێ بە سوود وەرگرتن لەو وزەیە پەرە بە هەر دوو بوارى کشتوکاڵ و گەشتوگوزارى بدەین و هەر لە چوارچێوەیەشدا سەرۆک بارزانى تیشکى خستە سەر رەوشى ساسی عیراق و سیاسەتى نەوتى هەرێم و بە فەرمیش سەرۆک وەزیران و جێگرەکەى داوەت کرد بۆ ئەوەى سەردانى هەرێمى کوردستان بکەن و ئەوانیش بە خۆشحاڵییەوەش قبوڵیان کرد و لە کاتێکى گونجاودا ئەنجامى دەدەن
