مەسرور بارزانی پیشوازیی لە سەفیری ئۆسترالیا کرد

مەسرور بارزانی پیشوازیی لە سەفیری ئۆسترالیا کرد
23ی‌ كانوونی‌ دووه‌م/ یه‌نایه‌ر (گوڵان میدیا)- دوانیوەرۆی ئەمرۆ بەرێز مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە خاتوو(لیندال ساچێس) سەفیری وڵاتی ئۆسترالیا لە عێراق و (تۆماس کارۆل) سکرتێری یەکەمی سەفارەت کرد.
لە دانیشتنەکەدا سەفیری ئۆسترالی خۆشحاڵی و ئاسوودەیی خۆی بەرامبەر بە رەوشی سەقامگیری ئاسایس لە هەرێمی کوردستان دەربڕی و ئاواتی ئەوەی خواست کە سەرجەم ناوچەکانی دیکەی عێراقیش بەهەمان شیوە ئارامی بەخۆیەوە ببینن تاکو لە شێوەی هەرێم زەمینە بۆ ئاوەدانی و پێشکەوتنی ئابووری برەخسێت.
هەروەها لە میانەی دانیشتنەکەدا تیشک خرایە سەر کێشەکانی نێوان بەغدا و هەرێم ، لەم بوارەدا بەرێز مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەدا کە ئەم کێشانە دەرەنجامی عەقلییەتی بەڕیوەبردنی وڵات لە بەغدا و نەبوونی متمانە لە نێوان پێکهاتەکانی عێراقە. بۆ چارەسەریی ئەم کێشانەش پێویستە کەشێک بخوڵقێت کە هەموو پێکهاتەکانی عێراق ئامادە بن بە ویستی خۆیان لەم پێکهاتەی عێراقدا بژین و نابێت بە هەڕەشە و خەراپ بەکارهێنانی دەسەڵات ، ئەجندای هیچ کەس و لایەنێک بە سەر وڵاتدا بسەپێندرێت.
لە بارەی دوا پەرەسەندنەکانی ناوچەکەش، مەسرور بارزانی جەختی لە رێزگرتن لە ئیرادەی گەلانی دەڤەرەکە و پەرەسەندنی دیموکراسییەت و دوورکەتنەوە لە هزری توندڕۆ و دەمارگرژی کردەوە و ئاماژەی بەودا کە ئەم گۆرانکارییانەی لە دەڤەرەکەدا دێنە کایەوە دەبێت لە ئاراستەی راستی خۆی لانەدات و ئامانج بەختەوەری و ئاشتی بۆ گەلانی ناوچەکە بێت.
هەر لەم دیدارەدا هەردوو لا جەختیان لە سەر پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە کردەوە و خاتوو(لیندال ساچێس) ئاماژەی بەوەدا کە وڵاتەکەیان نیازی بەشداری کاراتری لە بازاری ئابووریی کوردستان و دامەزراندنی پەیوەندیی نێوان زانکۆکان و بەشداری لە کەرتە جیاجیاکانی پیشەسازی و ئاوەدانی هەرێمی کوردستان هەیە.
Top