پارتی و یەکێتی بەردەوام دەبن لەسەر کۆبوونەوەی هاوبەش لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن

پارتی و یەکێتی بەردەوام دەبن لەسەر کۆبوونەوەی هاوبەش لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن
22ی‌ كانوونی‌ دووه‌م/ یه‌نایه‌ر (گوڵان میدیا)- ئەمڕۆ سەر لەبەیانی لە شاری هەولێر لیژنەی باڵای هاوبەشی هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کۆبوونەوە، سەرچاوەیەکی نزیکی لە کۆبوونەوەکە پێیڕاگەیاندین کە هەردوو لایەن بڕیاریان داوە لەسەر کۆبوونەوەی هاوبەش لەگەڵ لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن بەردەوام بن.
سەرچاوەیەکی نزیکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان پارتی و یەکێتی تایبەت بە ماڵپەڕی kdp.info رایگەیاند: ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی بەرێزان ( نێچیرڤان بارزانی و کۆسرەت رەسول) لیژنەی باڵای هاوبەشی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کۆبوونەوە، کۆبوونەوەکە تایبەتە بە لێکۆڵێنەوە و بەردوامبوون لەسەر ئەو کۆبوونەوانەی بڕیارە لەگەڵ لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن ئەنجام بدرێن. دوێنێ هەردوو بەرێز نێچیرڤان بارزانی و دکتۆر بەرهەم ئەحمەد سالح سەردانی مامۆستا عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵەی ئیسلامیان کرد ، هەروەها بڕیارە ئەمڕۆ دوای نیوەڕۆش سەردانی ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بکەن، لەپێناو درێژەدان بە گفتوگۆ و لێکنزیک خستنەوەی بیروبۆچوون و بەرنامەکان کە پەیوەندیان بە بارودۆخی عێراق و کوردستانەوە هەیە.
هەمان سەرچاوە گوتی: لە رۆژانی داهاتووشدا هەردوو بەرێز سەردانی نەوشێروان مستەفا رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان دەکەن. ئەمجۆرە کۆبوونەوانە گرینگن چونکە لەنزیکەوە بیروڕاو بەرنامەکان بەیەک ئاشنا دەکات و بۆچوونەکان لەیەکنزیک دەکاتەوە.
جێی باسە لەم کۆبوونەوەی ئەمڕۆی هەولێر نوێنەرانی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان پێکهاتبوو لە بەرێزان ( نێچیرڤان بارزانی و ئازاد بەرواری و مەحموود محەمەد و جەعفەر ئیمینکی و سەفین دزەیی) و لە لایەن یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیشەوە بەرێزان ( کۆسرەت رەسول و د. بەرهەم ئەحمەد سالح و د. ئەرسەلان بایز و عەدنان موفتی) ئامادەبوون.
Top