نێچیرڤان بارزانی: چاكسازى پڕۆسه‌يه‌كى به‌رده‌وامه
كۆبوونه‌وه‌یه‌كی گرنگ..
دوای كۆتاییهاتنی كۆبوونه‌وه‌كه له كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ته‌وه‌ره گرنگه‌كانی ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه خرانه ڕوو. ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامی ئاماژه‌ى به‌وه دا كه له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا باس له‌و دیالۆگه نیشتیمانییه كرا كه له نێوان ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆندا هه‌یه و خۆشحاڵیی خۆی به‌وه نیشان دا كه ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن له زۆر پرسدا هاوڕان و گوتی :
\"ئه‌مڕۆ جه‌نابی كاك نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و جه‌نابی د.به‌رهه‌م ته‌شریفیان بۆ لای ئێمه هێنا. له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌شدا باسی ئه‌و دیالۆگه نیشتیمانییه كرا كه ماوه‌یه‌كه له ئارادایه و ئه‌وان ئه‌وه‌یان دووپات كرده‌وه كه ڕاو بۆچوونی جه‌نابی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی هه‌رێم و هه‌ردوو مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی و یه‌كێتیش له‌باره‌ی ئه‌و كه‌موكوڕییانه‌ی له وڵاته‌كه‌ماندا هه‌ن ئیجابییه و پێویسته ئێمه‌ش به هاوكاریی هه‌موو لایه‌ك هه‌رچی كه‌موكوڕی له داموده‌زگاكانی حوكمڕانی هه‌بێت چاره‌سه‌ری بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی وڵاتی خۆمان به‌ره‌وپێش ببه‌ین، به‌ڵام له‌وه گرنگتر ئه‌وه‌یه ئێمه كار له‌سه‌ر میكانیزمه‌كانی جێبه‌جێكردنی ئه‌و چاكسازییه بكه‌ین و ئه‌وان خۆشبه‌ختانه پێیان ڕاگه‌یاندین كه هیچ هێڵێكی سووریا‌ن بۆ هیچ پرسێكی چاكسازى نییه، چونكه ئه‌گه‌ر ئێمه له نێو خۆماندا ئاوا یه‌كگرتوو و ڕێككه‌وتوو بین، ئه‌وا بێگومان له به‌غدایش بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه و قه‌یرانانه‌ی كه هه‌ن ده‌توانین چاره‌سه‌رسازێكی باش بین . من سوپاسی هه‌ردوو به‌ڕێزان ده‌كه‌م كه به شێوه‌یه‌كی ئیجابیانه ڕا و بۆچوونی خۆیان بۆ ئێمه گواسته‌وه و ئومێدمان وایه له ئاینده‌دا بگه‌ینه ئاستێك كه خه‌ڵك پێی دڵخۆش بێت به‌وه‌ی ده‌ستكه‌وتی باشمان بۆ هه‌رێمه‌كه‌مان به ده‌ست هێناوه و هه‌نگاوی باشمان ناوه و ده‌ستكه‌وتی دیكه‌یش چاوه‌ڕوانی ئێمه‌یه\"".
سه‌رۆك بارزانی دیدێكی ئیجابی له‌مباره‌یه‌وه هه‌یه..
پاشان نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌ی ڕاگه‌یاند \""دوای ده‌ستپێشخه‌ریی مامۆستا عه‌لی باپیر به كۆبوونه‌وه‌ی نێوان سه‌رۆكی كوردستان و سه‌ركرده‌كانی ئۆپۆزسیۆن، سه‌رۆك بارزانی له‌گه‌ڵ مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی و یه‌كێتیدا كۆ بووه‌وه و باسی ئه‌و خاڵانه كران كه له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا خرابوونه ڕوو. هه‌روه‌ها گوتی: كۆبوونه‌وه‌كان به شێوه‌یه‌كی ئیجابی هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ كرا و ئێمه‌ش ئه‌مڕۆ به ڕاسپارده‌ی هه‌ردوو مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی و یه‌كێتی بۆ ئه‌وه ڕاسپێردراین له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان قسه بكه‌ین، به تایبه‌تی لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزسیۆن بۆ ده‌ستپێكردنی دیالۆگێكی نیشتیمانی كه له ئه‌نجامدا به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵكی كوردستان بپارێزرێت، چونكه ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ش له لایه‌ن جه‌نابی مامۆستاوه بوو، ئێمه به باشمان زانی یه‌كه‌مین سه‌ردانمان بۆ لای جه‌نابیان بێت و كۆبوونه‌وه‌كه‌شمان به شێوه‌یه‌كی گشتی له‌باره‌ی میكانیزمه‌كانی ده‌سپێكردنی ئه‌م دیاڵۆگه بوو و بێگومان دیداره‌كانمان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بن.\""
گفتوگۆی جددی..
پاشان د.به‌رهه‌م ساڵح جێگری سكرتێری گشتیی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان وێڕای سوپاسگوزاری بۆ ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامی، سوپاسی خه‌مخۆرییانی كرد بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌ی له كوردستاندا هه‌ن و نیشانی دا كه به ڕاسپارده‌ی هه‌ردوو مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی ئه‌و دانیشتن و كۆبوونه‌وانه به‌رده‌وام ده‌بن و گوتی: \""ئێمه له‌و كۆبوونه‌وانه‌دا تاوتۆێی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانمان ده‌كه‌ینه‌وه، به تایبه‌تی كه كوردستان به بارێكی هه‌ستیاردا تێده‌په‌ڕێت چ له ئاستی ناوخۆیی و چ له ئاستی عێراق و ناوچه‌كه و ئه‌و گۆڕانكاری و هه‌ژانه گه‌وره‌یه‌ی ناوچه‌كه و قه‌یرانی ئه‌مڕۆی عێراق؛ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی زۆری به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌وه هه‌یه و ئێمه‌ش وه‌كو دوو هێزی حوكمڕانی سه‌ره‌كی له هه‌رێمی كوردستان سه‌ربه‌رزین به‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی به ده‌ست هاتوون، به‌ڵام كه‌موكوڕیشمان هه‌یه و پێویستیمان به چاكسازی و تۆكمه‌كردنی بناغه‌كانی حوكمڕانیی كوردستان و بره‌ودان به پرۆسه‌ی چاكسازی هه‌یه و پێویستیمان به یه‌كڕیزی هه‌یه و له‌و قۆناغه‌دا پێویسته به جددیه‌ته‌وه به پیر دیاڵۆگه‌وه بچین و هه‌موو بابه‌ته‌كان له چوارچێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكانی كوردستان شایانی باسن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌زموونه‌ی حوكمڕانیی كوردستان به‌ره‌و ئاسۆیه‌كی دیكه‌ی ڕوونتر ببه‌ین و خه‌ڵكی كوردستان و هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كان؛ پێی ئاسووده و سوودمه‌ند ببن.
ده‌ستووری كوردستان..
د.به‌رهه‌م نیشانی دا كه قسه‌كردن له‌سه‌ر ده‌ستوور پێویستی به ته‌وافوقێكی نیشتیمانی هه‌یه و ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ش لای هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان به تایبه‌تی یه‌كێتی و پارتی گرنگیی زۆری پێ ده‌درێت وهیچ كێشه‌یه‌كیش نییه له باسكردنی، چونكه ده‌ستوور پێویسته ببێته یه‌كخه‌ری نێو ماڵی كورد، نه‌ك به پێچه‌وانه‌وه و گوتی: \""مه‌سه‌له‌ی سه‌ره‌كیی ئێمه ئه‌وه‌یه به میكانیزمێكی سه‌ره‌كی و شه‌رعییه‌وه بیر له چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان بكه‌ینه‌وه، به شێوه‌یه‌ك كه ببێته مایه‌ی تۆكمه‌كردن و پته‌وكردنی یه‌كڕیزیمان.\""
هه‌ر له‌مباره‌یه‌شه‌وه نێچیرڤان بارزانی گوتی: \""د.به‌رهه‌م له سه‌ره‌تای قسه‌كانیدا ئاماژه‌ی به‌وه دا كه ئێمه هێڵی سوورمان نییه و من ده‌مه‌وێ هه‌مان شت دووپات بكه‌مه‌وه، مه‌سه‌له‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌ستوور یان نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌وه شتێكی دیكه‌یه، به‌ڵام مه‌سه‌له‌ی دانیشتن، باسكردنی شتێكی ئاساییه مادام له چوارچێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی گه‌لی كوردستاندا باسیان لێوه ده‌كرێت و بێگومان كۆبوونه‌وه‌كان درێژه‌یان ده‌بێت.\""
عێراق به قه‌یرانێكی گه‌وره‌دا تێده‌په‌ڕێت..
به‌رهه‌م ساڵح نیشانی دا ئه‌و قه‌یرانه‌ی له عێراقدا له ئارادایه قه‌یرانی عێراقه نه‌ك قه‌یرانێك له نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا. قه‌یرانه‌كه له‌باره‌ی حوكمڕانی و شێوازی حوكمه و كوردیش به هه‌موو هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كانییه‌وه له به‌غدا له‌سه‌ر ئه‌وه كۆكن كه پێویسته ڕێگه‌ی حوكمڕانیی به‌غدا ڕاست بكرێته‌وه وعێراق به تاكڕه‌وی حوكم ناكرێت و كوردیش كه جاران قوربانیی ده‌ستی دیكتاتۆر بوو، مه‌حاڵه ڕێگه بدات جارێكی دیكه ئه‌و شێوازه‌ی حوكم دووباره بێته‌وه.\""
حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه‌سی ده‌رنه‌كردووه..
نێچیرڤان بارزانی ئه‌وه‌ی ڕه‌ت كرده‌وه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌ندامانی لیژنه‌ی چاودێریی بواری نه‌وتی ده‌ركردبێت و دووپاتى كرده‌وه كه چه‌ندین كۆمپانیا له هه‌رێمی كوردستان هه‌ن پێویسته پاره‌كه‌یان پێ بدرێت و له‌گه‌ڵ به‌غداش ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌و میكانیزمه كراوه كه به‌داخه‌وه به‌غدا پابه‌ندی نه‌بووه و گوتی: \""ئه‌گه‌ر به‌غدا پاره‌ی ئه‌و كۆمپانیایانه نه‌دات، ئێمه‌ش ناتوانین گوشاریان بخه‌ینه سه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی له كاری خۆیان به‌رده‌وام بن و به كورتی، ئه‌گه‌ر به‌غدا به‌ڵێنه‌كانی خۆی جێبه‌جێ بكات، ئێمه زۆرمان لا ئاسایی يه جارێكی دیكه نه‌وت بنێرینه‌وه و پابه‌ندی ئه‌و مادده ده‌ستووریه‌ین كه ده‌ڵێت نه‌وت وغاز موڵكی هه‌موو عێراقه و ئه‌وه‌ی ئێمه كردوومانه مه‌سه‌له‌یه‌كی ده‌ستوورییه وهیوادارین عێراق پابه‌ندی به‌ڵێنه‌كانی خۆی بێت و هیوادارین له ڕێگه‌ى گفتوگۆوه چاره‌سه‌ری بكه‌ین\"".
ئومێد و متمانه‌مان هه‌یه..
ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامیی كوردستان ڕايگه‌ياند كه جددیه‌تێكی باش له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه بۆ جێبه‌جێكردن و هێنانه‌دیی ویستی خه‌ڵك به‌دی ده‌كرێت و ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه پێویسته هه‌میشه ئومێدمان به ژیان هه‌بێت و گوتی: \""ئێمه وه‌ك سێ لایه‌نی ئۆپۆزسیۆن قسه‌كانی خۆمان خسته به‌رده‌م جه‌نابی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و جه‌نابیشیان به شێوه‌یه‌كی ئیجابی داواكانمانی وه‌رگرت و پێى ڕاگه‌ياندين كه خۆیشی پاڵپشتیی ئه‌م داواكارییانه ده‌كات و دواتر جه‌نابی كاك مه‌سعوود ته‌له‌فۆنی بۆ كردین و پێی گوتین بۆ ئه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌كان به‌رده‌وام ببن ونه‌پچڕێن، كاك نێچیرڤان و د.به‌رهه‌م بۆ كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵتاندا بۆ به‌كرده‌نیكردنی قسه‌كان دێنه لاتان و من ئه‌وه‌م له هه‌ردوو به‌ڕێزان به‌دی كردووه كه به‌ڕێزیان دڵسۆزن وخه‌مخۆرییان بۆ مه‌سه‌له‌كه هه‌یه و هه‌ردووكیان ئه‌زموونی باشیان له بواری حوكمڕانیدا هه‌یه و ئه‌وه‌ش گرنگه حزبه‌كانی خۆیان و دواتر ئۆپۆزسیۆن و پاشان هه‌موو خه‌ڵك یارمه‌تیده‌ریان بن و په‌نا به خوا متمانه‌مان له جێی خۆیدا ده‌بێت.\""
هیچ شتێك به میسالیات ناكرێت..
نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كرده‌وه كه كوردستان وڵاتێكی وێران بوو، ئه‌گه‌ر به‌راوردی ئێستا و ساڵانی پێشووتر بكرێت ئه‌وا بێگومان جیاوازیی یه‌كجار زۆر ده‌بیندرێت و بێگومان كاتێك وڵاتێكی وێران ده‌ست به بونیادنانه‌وه‌ی ده‌كرێت، ناكرێ به میسیالیات كار بكرێت و گوتی: \""با به‌راوردی ئه‌وه بكه‌ین له ڕابردوودا چه‌ند قوتابخانه و بنكه‌ی ته‌ندروستیمان هه‌بووه و ئێستا چه‌ندمان هه‌يه، ئه‌وا بێگومان جیاوازیی زۆر ده‌بینین، ئه‌مه‌ش به واتای ئه‌وه دێت كه پێشكه‌وتنی به‌رچاو له زۆر بواردا به‌دی هاتوون و پێشكه‌وتنه‌كانیش له هه‌موو بواره‌كانی ژیاندان، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئێمه بڵێین كه‌موكوڕیمان نییه، ئه‌مه‌ش ڕاست نییه؛ چونكه هیچ حكوومه‌تێك نییه كه‌موكوڕی نه‌بێت، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش كه له 2004ـه‌وه به بودجه‌یه‌كی سنوورداره‌وه كار ده‌كات بێگومان كه‌موكوڕیشی هه‌یه و به به‌راوردكردنی به‌رده‌وامی جاران و ئێستا ئێمه له‌سه‌ر ئه‌وه مكوڕین كوردستان ببه‌ینه قۆناغێكی دیكه‌ی باشتر و ژیانێكی شایسته بۆ گه‌له‌كه‌مان مسۆگه‌ر بكه‌ین كه شایسته‌ی ئه‌وه‌یه. تێكدانی ژێرخانی ئابووریی وڵاته‌كه‌مان زۆر له‌وه زیاتره بتوانین له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا و به بودجه‌یه‌كی سنووردار چاره‌سه‌رییان بكه‌ین.\""
لاى خۆيه‌وه د.به‌رهه‌م گوتی: \""له به‌راوردكردنی كوردستانى ئێستا له‌گه‌ڵ ڕابردووی و به‌راوردكردنی له‌گه‌ڵ وڵاتانی ناوچه‌كه ئه‌وه ده‌بینین كه هه‌نگاوی زۆرمان به‌ره‌و پێشه‌وه ناوه و زۆر پێشكه‌وتووین و دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه یه‌كێتی و پارتی له‌سه‌ر پێشخستنی وڵات و كۆمه‌ڵگاكه‌مان مكوڕین، به‌ڵام ئه‌مه ته‌نيا به یه‌كێتی و پارتی ناكرێ، به‌ڵكو پێویستیمان به هاوكاریی هه‌موو هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستانه و ته‌نانه‌ت هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان و هیوادارین له كه‌شوهه‌وایه‌كی ئیجابیدا كێشه‌كانمان چاره‌سه‌ر بكه‌ین.\""
پێنج خاڵی سه‌ره‌كی بۆ چاكسازی..
ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامیی كوردستان نیشانی دا ئه‌وان پێشنیارێكیان له پێنج خاڵدا پێشكه‌ش كردووه كه له پاكێجه‌كانی دیكه جیاوازه و دووپاتیشی كرده‌وه كه ئیراده‌یه‌كی جددی بۆ چاكسازی هه‌یه و ئه‌وه‌شی خسته ڕوو كه كوردستان به به‌راورد له‌گه‌ڵ عێراق له پێشكه‌وتووترین ئاستدایه، به‌ڵام هه‌موو لایه‌ك ئاره‌زووی ئه‌وه‌ی هه‌یه كوردستان زۆر پێشكه‌وتووتربێت. هه‌روه‌ها گوتی: \""ئێمه ماوه‌ی دیاریكراومان بۆ پرۆژه‌كه‌مان دانه‌ناوه كه پرۆژه‌ن نه‌ك داواكاری و پێویسته هه‌موومان به جێبه‌جێكردنی هه‌ستین و كاره‌كه‌ش ته‌نها به هه‌ردوو حزبی حوكمڕان و به حكوومه‌ت به ته‌نها ناكرێن و هیوادارین هه‌موومان بۆ جێبه‌جێكردنی جددی بین و به‌رژه‌وه‌ندییه ته‌سكه حزبییه‌كان وه‌لا بنێین و هه‌موومان قازانج بكه‌ین، میلله‌ت قازانج بكات.\""
چاكسازییه‌كان ده‌كرێن..
نێچیرڤان بارزانی دووپاتى كرده‌وه كه چاكسازییه‌كان مه‌سه‌له‌یه‌ك نییه لایه‌نێك به‌سه‌ر لایه‌نێكی دیكه‌يدا بسه‌پێنێت، به‌ڵكو پرۆسه‌یه‌كی به‌رده‌وامه و به هاوكاریی حكوومه‌ت و ئۆپۆزسیۆن ده‌كرێت. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه دا كه مه‌سه‌له‌ی بێسه‌روشوێنانی شه‌ڕی ناوخۆ به پارتی و یه‌كێتییه‌وه په‌یوه‌سته و له كاتێكی زۆر ناخۆشدا بووه كه كوردستان پێیدا تێپه‌ڕی و گوتی: \""به داخه‌وه ئه‌و باره ناخۆشه به كوردستاندا تێپه‌ڕی كه بێگومان ناتوانین لێی ڕابكه‌ین، به‌ڵی شتی زۆر ناخۆش ڕووی دا و به نكۆڵی‌كردن له‌و مه‌سه‌له‌یه ناگه‌ینه هیچ ئه‌نجامێك، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه كوردستان جارێكی دیكه به‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا تێنه‌په‌ڕێت و بۆ زانیاریش لیژنه‌ی تایبه‌ت بۆ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه داندراون و له چوارچێوه‌ی ئه‌و میكانیزمه‌ی له نێوان یه‌كێتی و پارتیدا هه‌یه، ئه‌و مه‌سه‌له‌یه باسی لێوه ده‌كرێت و به هه‌ر شێوه‌یه‌كیش بێت له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌كانیان باسی لێوه ده‌كرێت.\""
ئاسایش ئه‌وله‌وییه‌ته..
سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌ی دووپات كرده‌وه كه ئاسایش له هه‌موو كابینه‌كانی حكوومه‌تدا له پێشه‌نگی كاره‌كان بووه و ئێستاش هه‌ر وایه و له بارودۆخی ئێستای كوردستانیش هه‌ر ئه‌وله‌وییه‌ته و گوتی: \""به‌ڵێ كوردستان هه‌ڕه‌شه‌ی له‌سه‌ره و چه‌ندین هه‌وڵی تیرۆریستی پووچه‌ڵ كراونه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌و ئاسایشه‌ی ئه‌مڕۆ هه‌رێمی كوردستان پێی شاده، له ئه‌نجامی شه‌ونخوونیی ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه كه شه‌و و ڕۆژ بۆ پاراستنی خه‌ڵكی كوردستان كار ده‌كه‌ن و بێگومان له‌و ئه‌ركه‌شیاندا بۆ پاراستنی سه‌ر و ماڵی هاووڵاتیان به‌رده‌وام ده‌بن.\"""
