کۆنفڕانسی نێودەوڵەتی یەکەمی جینۆسایدی کورد لە بەریتانیا سەرکەوتوانە کۆتایی بە کارەکانی هێنا

کۆنفڕانسی نێودەوڵەتی یەکەمی جینۆسایدی کورد لە بەریتانیا سەرکەوتوانە کۆتایی بە کارەکانی هێنا
20ی‌ كانوونی‌ دووه‌م/ یه‌نایه‌ر (گوڵان میدیا)- بە ئادەبوونی ژمارەیەكی زۆر لە پەرلەمانتارانی ئەوڕوپا و بەریتانیا و ئەندامانی ئەنجومەنی لۆرداتی بەریتانیا و شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی نەرویج و شارەزا و پسپۆڕی نێودەوڵەتی لە بواری جینۆساید و ئەکادیمی و ڕۆژنامەنوس و نوێنەرانی پارت و لایەنە سیاسیەکانی کوردستانی و عیراقی و ڕەوەندی کورد لە بەریتانیا، نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا یەکەمین کۆنفڕانسی نێودەوڵەتی لە بەریتانیا بۆ جینۆسایدی کورد سازکرد.

لەو کۆنفڕانسە کۆمەڵێك بابەتی سیاسی و ئەکادیمی پێشکەش کران و گوێ گیردرا لە شایەدحاڵی چەند قوربانیەکی جینۆسایدی کورد و ژمارەیەك لەو کەسایەتیانەی کە بە چاوی خۆیان تاوانەکانی ڕژێمی سەددامیان تۆمارکردووە.

لە دەستپێکی کۆنفڕانسەکەدا خاتوو بەیان سامی عبدالرحمان نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا وێڕای بەخێرهێنانی مێوانەکان ئاماژەی بە گرنگی ئەو کۆنفڕانسەدا کە بۆ یەکەمین جارە بەو ئاستە بەرزە و بە بەشداری ئەو هەموو شارەزا و ئەکادیمی و پسپۆڕ و خاوەن بڕیار لە ووڵاتانی جیهان لە بەبریتانیا ڕێکبخرێت. نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان هەروەها ووتی: \". دیکتاتۆرەکان نابێت بە هیچ شێوەیەك ڕێگەیان پێبدرێت ئەو چەکە کۆمەڵکوژانە بەکاربێننەوە. سەددام حوسەین دادگایی نەکرا بۆ تاوانەکانی بەکۆمەڵکوشتنی گەلی کورد. تەنها سوێد و نەرویژ دانیان بە جینۆسایدی گەلی کورد ناوە تا ئێستا. زیاتر لە ٢٧ هەزار هاووڵاتی بەریتانیا تا ئێستا بەشداریان لە کۆکردنەوەی واژووی ئەلەکترۆنی کردووە بۆ داواکردن لە حکومەتی ووڵاتەکەیان بۆ ئەوەی جینۆسایدی کورد بە فەرمی بناسێنرێت، هیوادارین کە حکومەتی بەریتانیاش گوێ لە دەنگی ئەو هاووڵاتیانە تبگرێت.\""


هەر لە کۆنفڕانسەکە مامۆستا ئارام وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوەکان و فەلاح موستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم و دکتۆر بێرنارد کۆشنەر وەزیری پێشووی فەڕەنسا و دکتۆر محمود عثمان ئەندامی پەرلەمانی عیراقی فیدڕاڵ و ژمارەیەك لە سیاسەتوان و ئەکادیمی و پسپۆڕیاساناسی بیانی چەندین بابەتی جیاجیایان پێشکەش کرد.

سیاسەتوانی ناسراوی فەڕەنسا و وەزیری پێشووی ئەو ووڵاتە دکتۆر بێرنارد کۆشنەر لە ووتەیەکیدا وێڕای ئیدانەکردنی بێدەنگی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەو کاتەی کە تاوانەکانی جینۆساید ڕوویدا، داوای لە جیهان کرد کە ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە خەڵکی بەریتانیا بە تایبەت ئاشنا بکرێن بەوەی کە بەسەر گەلی کورد هاتووە. هەروەها ووتی: \"" ئێمە ئەوەی لە هەڵەبجە ڕوویدا بە چاوی خۆمان بینیمان کاتێك چووین چارەسەری قوربانیانی ئەو کارەساتەمان کرد. ئێستا کاتی بەدواداچوونە بۆ هەموو بەڵگەکان. من گومانم نیە لەوەی کە ئەوە جینۆساید بوو. لە عیراق دەبوا تەنها کۆمەڵگای نێودەوڵەتی گەلی کورد بپاراستبوا.\""

هەر لە میانەی کۆنفڕانسەکە چەندین لێکۆڵینەوە لە لایەن پارێزەر و شارەزایانی بواری یاسای نێودەوڵەتی و ئەکادیمی پێشکەش کران کە جەختیان لەسەر ئەوە دەکردەوە کە کاتی ئەوە هاتووە کەیسی جینۆسایدی کورد بەرەو قۆناخەکانی کۆتایی بچێت و لە جیهاندا بە فەرمی بناسێرێت و قەرەبۆی قوربانیانی بکرێتەوە، لەم بوارەشەوە تەئکیدیان لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەوان دەست بەکارکردن دەکەن بۆ ئەوەی ئەو پرسە بەرەو دام و دەزگا نێودەوڵەتیەکان ببەن.

قوربانیانی هەڵەبجە و ئەنفالیش بە چیڕۆکە تاڵەکانیان بەشداریان لەو کۆنفڕانسە کرد و داوایان کرد لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کە دادوەری بۆ گەلی کورد بێنن و ئەنجامدەران و ئەوانەی یارمەتیشیان داون بدەنە دادگا نێودەوڵەتیەکان.

لە کۆتایی کۆنفڕانسەکەش فیلمێکی دۆکیومەنتەری لەسەر ئەنفالکردنی گوندی کوڵەجۆ پێشکەش کرا کە لەلایەن دەرهێنەر ڕۆبەرتس گوین ئامادەکرابوو."
Top