هاوپەیمانیی كوردستانی بۆ پەرلەمانتارە عەرەبەكانی كەركووك: واز لە وتاری شۆڤێنیانە بێنن

هاوپەیمانیی كوردستانی بۆ پەرلەمانتارە عەرەبەكانی كەركووك: واز لە وتاری شۆڤێنیانە بێنن
3ی‌ كانوونی‌ دووه‌م/ یه‌نایه‌ر (گوڵان میدیا)- فڕاكسیۆنی هاوپەیمانیی كوردستانی، داوا لە پەرلەمانتارە عەرەبەكانی پارێزگای كەركووك دەكات واز لەو وتارانە بێنن كە لە بەرژەوەندیی یەكێتیی ڕیزەكانی گەلی عێراقدا نین.

هاوپەیمانیی كوردستانی لە بەیاننامەیەكدا نیگەرانیی خۆی لەوە دەربڕیوە كە هەندێ پەرلەمانتاری عەرەبی كەركووك، بوونەتە خاوەنی وتارێكی شۆڤێنی و ڕق و كین لە دژی گەلی كورد بڵاو دەكەنەوە.

چەند ڕۆژێك لەمەوبەر، بەشێك لە پەرلەمانتارە عەرەبەكانی كەركووك ڕایانگەیاندبوو كە ئەگەر كەركووك بۆ سەر هەرێمی كوردستان بگەڕێتەوە، ئەوا ڕەوشیان وەكوو عەرەبەكانی ئیسڕائیل دەبێت.

هاوپەیمانیی كوردستانی جەختی كردووەتەوە كە هەرێمی كوردستان و هێز و لایەنە سیاسییەكان جگە لە جێبەجێكردنی دەستوور سەبارەت بە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان، هیچ چارەیەكی گونجاو نابینن. بە پێویستیشیان زانیوە هەموو عێراقییەك بە جێبەجێكردنی دەستوور ڕازی بێت.
Top