3ملیار بۆ سندوقی داهێنەران تەرخان كراوەو ئەگەریش هەیە بكرێت بە دوو جار لە ساڵێك

 3ملیار بۆ سندوقی داهێنەران تەرخان كراوەو ئەگەریش هەیە بكرێت بە دوو جار لە ساڵێك
3ی‌ كانوونی‌ دووه‌م/ یه‌نایه‌ر (گوڵان میدیا)- لەبەرامبەر ئەو گلەییانەی لە پرۆژەی سندوقی كۆمەكی داهێنەرانی وەزارەتی رۆشنبیری حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكرێت پەرلەمانی كوردستان چەند تێبینییەك لەسەر پرۆژەكە ئاراستەی وەزارەتی ناوبراو دەكات و بەپێی زانیارییەكانی kdp.infoبۆ ئەمساڵ 3ملیار دینار بۆ ئەو پرۆژەیە تەرخان كراوە، ئەگەریش دەكرێت لە ساڵێكدا دووجار ئەو پرۆژەیە رابگەیەنرێت.

ئاسۆ كەریم سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكان و رۆشنبیری و راگەیاندن لە پەرلەمانی كوردستان تایبەت بۆ kdp.infoگوتی: بەڕای من پرۆژەی سندوقی داهێنەرانی وەزارەتی رۆشنبیری حكوومەتی هەرێمی كوردستان پرۆژەیەكی باشە، هەرچەندە كە گرفت هەیە لەسەر ناوەكان و كەسانێك هەن پێیانوایە نەدەبوو پرۆژەكە ناوی سندوقی داهێنەران بێت، هەروەها كەسانێك هەبوون كە ناویان لە لیستی سندوقەكەش هاتبووەوە، بەڵام بڕە پارەكەیان رەتكردۆتەوە، بەرای من گرفت ناوەكان نییە، چونكە دەوتوانرێت ناوەكەی بگۆڕێت و هاوشێوەی ئەو پرۆژەیە لە زۆرینەی وڵاتان هەیە، ئەم پرۆژەیە هاندانی نووسەر و ئەدیب و رۆشنبیر و هونەرمەندانە بۆ ئەوەی كار و بەرهەمی باش پێشكەش بكەن.

سەبارەت بە گلەیی بەشێك لە چالاكوانانی كۆمەڵی مەدەنی و نووسەر و رۆشنبیر و هونەرمەندان لەبارەی هەبوونی هەندێ ناوی نەناسراو لە لیستی سندوقی داهێنەران ناوبراو گوتی: یەكێك لە ئامانجەكانی وەزارەتی رۆشنبیری بە خستنە گەڕی ئەو پرۆژەیە بریتیە لە یارمەتیدانی گەنجانی بەهرەمەند ئەمەش بۆ پشتگیری كردنیان بەمەبەستی پێشكەشكردنی كاری باش، بەهەمان شێوەش بۆ ئافرەتان.

ئاسۆ كەریم هەروەها گوتیشی: ئێمە كۆمەڵێك تێبینیمان سەبارەت بە سندوقی داهێنەران ئاراستەی وەزارەتی رۆنشبیری و لیژنەی تایبەتمەند كردووەو دەكرێت بۆ ئەمساڵ باشتر بكرێت و ئەو تێبینیانەش لەبەرچاو بگیرێت، بۆ ئەمساڵ 3 ملیار دینار بۆ سندوقی داهێنەران تەرخان كراوەو داواش كراوە كە ساڵانە دوو جار سندوقی داهێنەران رابگەیەنرێت.
Top