لە گەرمیان 366 فرۆشیار سزادراون و 66شوێنكاریش داخراون
بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی گەرمیان، حیكمەت ئەحمەد، بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری ڕاگەیاند: لەمانگی ئازاری ساڵی 2012 ـەوە بەڕێوەبەرایەتیمان بەشێوەیەكی ڕەسمی دەست بەكاربوو، لەو ماوەیەشدا پشكنین بۆ زیاتر لە 6500 فرۆشگا و شوێنی كار كراوە.
حیكمەت ئەحمەد: گوتی: لەماوەی كارەكانمان لەساڵی ڕابردوودا، بەهۆی بوونی خۆراكی خراپ و بەسەرچووەوە 110 شوێنكار و بەهۆی گرانفرۆشیەوە 22 شوێنكاریدیکە سزادراون و هەروەها 35 فرۆشگاش داخراون.
ناوبراو ئاماژەیدا، بەڕێوەبەرایەتیمان بڕیاریدا كە دەبێت هەموو شوێن و فرۆشگاكان نرخی شمەكەكانیان هەڵواسن و بۆ ئەو مەبەستەش بە نوسراوی ڕەسمی ئاگاداركرانەوە، بەڵام (203) كەس پابەندی بڕیارەكە نەبوون، بۆیە سەرجەمیان سزا دران و نرخیان پێ هەڵواسرا.
بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی گەرمیان، هەروەها گوتی: هەر لەو ماوەیەدا، دوای پشكنین بۆ پێوەری بەنزینخانە ئەهلییەكان، بەهۆی كەموكورتی لەخوێندنەوەكانیاندا، 31 بانزینخانە داخران و سزا دران.
حیكمەت ئەحمەد: رونیشیكردەوە، كۆی بڕی غەرامەی سەرپێچیكاران بریتی یە لە 15 ملیۆن و سەدو پەنجا هەزار دینار.
