فەلاح مستەفا پێشوازی لە شاندێكی وەزارەتی كاروباری دەرەوەو بازرگانی كۆریا كرد
لە دیدارێكدا بەڕێز چانگ خۆشحاڵی خۆی بە یەكەم سەردانی بۆ هەرێمی كوردستان نیشاندا و ئاماژەی بە پێشكەوتن و گەشەپێدان و باری سەقامگیری هەرێم كرد و هیوای خواست پەیوەندی نێوان هەردوولا ببێتە مایەی سوود و بەرژەوەندی زیاتر بۆ هەردوولا.
بەڕێزیان ئاماژەی بە دۆستایەتی نێوان هەردوو گەلی كوردستان و گەلی كۆریا كرد و ویستی وڵاتەكەی خستەڕوو بۆ فراوان كردنی ئاستی پەیوەندیەكانی نێوان هەردوولا لە بوارەكانی ئابووری و بازرگانی و كەلتوری و خوێندن و پەروەردە. هاوكات سوپاسی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كرد بۆ هاوكاری و هەماهەنگی بەردەوامیان لەگەڵ نووسینگەی باڵیۆزخانەی كۆریا و ئاژانسی كۆیكای كۆری لە هەرێمی كوردستان.
لە بەرامبەردا فەلاح مستەفا پوختەیەكی لەسەر سەرەتاو ئاستی پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی كۆریا خستەڕوو، لەم بارەیەوە گووتی كۆریا لە پێشەنگی ئەو وڵاتانە بوو كە دوای 2003 بوونی خۆی لە هەرێمی كوردستان سەلماند و هەردوو حكومەت بناغەی پەیوەندیەكی پتەویان داڕشت. بەڕێزیان گووتی لە هەرێمی كوردستان دەرفەتی كارو وەبەرهێنان هەیەو ئێوەش خاوەن ئەزموون و شارەزایی زۆرن لە بوارە جیاجیاكان، بۆیە دەخوازین پەرە بە پەیوەندیەكانی نێوانمان بدەین و بۆ سوودو بەرژەوەندی هەرددوولا.
بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە گووتی پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان بە ویستی گەلی كوردستان و سەركردایەتی سیاسی هەرێم و هاوكاری و پشتگیری كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەدەست هاتووە، وەك چۆن وڵاتی كۆریاش بە تیپی زەیتون و ئاژانسی كۆیكا پشكداری تێدا كرد.
هەردوولا باسیان لە رەوشی سیاسی ئەمڕۆی عیراق و قەیران و ئاڵۆزیەكانی ئەم دواییە كرد، فەلاح مستەفا هەڵوێستی هەرێمی كوردستانی لەمەڕ پرسەكان بۆ شاندی میوان دووپاتكردەوە كە دەخوازین بە دیالۆگ و بە گوێرەی دەستوور سەرجەم كێشەكان چارەسەر بكرێن.
