نێچيرڤان بارزانى پێشوازى له باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا كرد
له ديدارێكدا ڕه‌وش و دوا پێشهاته‌كانى ئێستاى ناوچه‌كه به گشتى و عيراق به تايبه‌تى خرايه به‌ر باس و هه‌ردوولا تيشكيان خسته سه‌ر هه‌وڵه‌كانى هێوردكردنه‌وه‌ى گرژييه‌كانى نێوان هه‌رێمى كوردستان و به‌غدا و شاندى ئه‌مه‌ريكى چوونى شاندى هه‌رێمى كوردستانيان بۆ به‌غدا له‌پێناو ئارامكردنه‌وه‌ى بارودۆخه‌كه به ئه‌رێنى و مايه‌ى خۆشحاڵى له قه‌ڵه‌م دا و پشتگيريى خۆيان بۆ هه‌ر هه‌وڵێكى ئاشتيانه‌ى چاره‌سه‌ركردنى كێشه و ئاڵۆزييه‌كان دووپات كرده‌وه.
لاى خۆيه‌وه نێچيرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه كه هه‌رێمى كوردستان هه‌ميشه له‌گه‌ڵ ڕێگه‌چاره‌ى ئاشتيانه‌ى كێشه‌كاندايه و بڕواى به‌وه‌يه كه هه‌موو كێشه و ئاڵۆزييه‌كان له ڕێگه‌ى ديالۆگه‌وه و به ميكانيزمه‌كانى ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بكرێن. جه‌ختيشى له سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه كه چوونى شاندى هه‌رێمى كوردستان بۆ به‌غدا له سه‌ر بنه‌ماى ئه‌م بڕوايه‌ى هه‌رێمى كوردستانه به چاره‌سه‌ريى كێشه و گرفته‌كان له ڕێگه‌ى ديالۆگ و دانيشتنه‌وه.
له ديداره‌كه‌دا باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا له عيراق، هه‌روه‌ها له هه‌واڵى ته‌ندروستيى جه‌نابى مام جه‌لال سه‌رۆك كۆمارى عيراقى پرسى و هيواى چاكبوونه‌وه و گه‌ڕانه‌وه‌ى به سه‌لامه‌تى بۆ خواست و باس له دوايين ديدار و كۆبوونه‌وه‌كانى نێوان هه‌ردوو مه‌كته‌بى سياسيى پارتى ديموكراتى كوردستان و يه‌كێتيى نيشتمانيى كوردستانيش كرا.
