وەزیری ناوخۆ پیرۆزبایی جەژنی لەدایكبوونی لە كڵێسای مەترانییەتی هەولێر كرد

وەزیری ناوخۆ پیرۆزبایی جەژنی لەدایكبوونی لە كڵێسای مەترانییەتی هەولێر كرد
26ی کانوونی یەکەم/دیسەمبەر(گوڵان میدیا)- وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كەریم شەنگالی، بە یاوەریی پارێزگاری هەولێر و بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر سەردانی كڵێسای عەینكاوەی كرد و لە لایەن سەرۆكی ئوسقوفییەتی ئەبرەشییەی هەولێری كلدانییەكان مەتران بەشار مەتی وەردەوە پێشوازی كران.

وەزیری ناوخۆ پیرۆزبایی جەژنی لەدایكبوون و ئاهەنگەكانی سەری ساڵی لە مەترانییەتی هەولێر و هەموو خوشك و برایانی پەیڕەوانی ئایینی مەسیحی لە كوردستان كرد و هیوای خواست لە سایەی ئاشتی و تەبایی و پێكەوەژیانی برایانەدا هەموو ڕۆژێكیان جەژن و ئاسوودەیی بێت و ئەو یادە پیرۆزەیش ببێتە مایەی قوڵتركردنەوەی گیانی تەبایی و لێبووردەیی و ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدانی پتری كوردستان و ڕەنگدانەوەی ئیجابییش بێت بۆ ئەزموونی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەكە و هەموو دونیایشدا.

سەرۆكی ئوسقوفیەی كلدانیی هەولێر، ستاییشی ئەو پشتیوانی و بایەخدانەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد و خۆشحاڵی خۆیشی بەرانبەر ئەو سەقامگیری و تەباییە و ئەو پێشوەچوونەی ڕەوشی ئاوەدانی و گەشەپێدانەی هەرێمی كوردستان دەربری و دوعاخواز بوو كە هەمیشە كوردستان و ئەزموونە جوانەكەی لە ئاسوودەیی و پێشكەوتندا بێت.

پێشنیازی ئەوەیشیان كرد كە بە ناوی هەولێری پایتەختەوە بۆ جەژنی لەدایكبوون و سەری ساڵی 2014 كە هەولێر خودان نازناوی پایتەختی گەشتوگوزار دەبێت لەسەر ئاستی كۆمكاری وڵاتانی عەرەب، درەختێكی ڕازاوەی مەزن پێشكەش بە پاپای فاتیكان و كڵێسای مەسیح بكەن وەكوو هێما و ڕەمزێك بۆ ئەو تەبایی و پێكەوەژیانەی هەموو ئایینزا و پێكهاتە نەتەوەیی و ئیتنییەكانی كوردستان و لەسەر ئاستی دونیای مەسیحییەتیش پێشەنگییەكی تازە بۆ هەولێر و هەرێمی كوردستان بەدی بهێنن.
Top