هه‌نگاوی كرده‌یی بۆ رێگه‌گرتن له‌ سه‌رهه‌ڵدانی لافاو ده‌نرێ

هه‌نگاوی كرده‌یی بۆ رێگه‌گرتن له‌ سه‌رهه‌ڵدانی لافاو ده‌نرێ
23ی کانوونی یەکەم/دیسەمبەر(گوڵان میدیا)- ئه‌مرِۆ یه‌كشه‌ممه‌ 23-12-2012 ئه‌ندازیار دڵشاد شه‌هاب وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار به‌یاوه‌ری خسرۆ كه‌مال بریكاری وه‌زیری شاره‌وانی به‌ئامانجی چاره‌سه‌ركردنی كه‌مكردنه‌وه‌ی زیانه‌كانی لافاو له‌شاری هه‌ولێر و چرِكردنه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كان بۆ رێگه‌ گرتن له‌دروست بوونی لافاو له‌كاتی بارانبارین، له‌سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی هه‌ولێر به‌ ئاماده‌بوونی عه‌لی ره‌شید سه‌رۆكی شاره‌وانی له‌گه‌ڵ به‌رِێوه‌به‌ری ئاوو ئاوه‌رِۆ و به‌رِێوه‌به‌رانی هه‌ر شه‌ش شاره‌وانی كۆبۆوه‌.
له‌سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌دا وه‌زیری شاره‌وانی ده‌ستبه‌كاربوونی خسرۆ كه‌مال وه‌ك بریكاری وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار به‌ئاماده‌بووان ناساندو رایگه‌یاند: به‌رِێز خسرۆ كه‌مال ئه‌ندازیارێكی ناسراوی شاری سلێمانییه‌ و به‌ر له‌ده‌ست نیشانكردنیشی له‌و پۆسته‌ سه‌رۆكی شاره‌وانی سلێمانی بووه‌، هاوكات ده‌ست نیشانكردنیشی بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و پۆسته‌ له‌سه‌ر داوای ئێمه‌ بووه‌و دڵنیاشین له‌وه‌ی كه‌ ده‌توانین بۆ به‌ره‌وپێشبردنی كاره‌كانی وه‌زاره‌ت و خزمه‌ت كردنی خه‌ڵكی كوردستان سوود له‌ئه‌زموونی به‌رِێزیان وه‌ربگرین.
Top