دقی وتاری رێزدار كاك مسرور بارزانی له رێوره‌سمی قۆناغی دووه‌می پرۆژه‌ی ئازیزانی به‌باوانكردنی مندالانی بێ باوك
پێشه‌كی به‌خێرهاتنێكی گه‌رمی ئێوه‌ی به‌ڕێز ده‌كه‌م وسوپاستان ده‌كه‌م بۆ ئاماده‌بوونتان.
به‌ڕێزان...
گیانی هاوكاری و ده‌ستگرتنی خه‌ڵكی هه‌ژار به‌شێكی ڕه‌سه‌نه له كولتووری كورده‌واریمان ، خه‌ڵكی كوردستان به كورد و توركمان وئاشووری و كلدان و مه‌سیحی و موسڵمان وئێزدی به‌وه ناوبانگیان هه‌بووه كه باوه‌شیان بۆ خه‌ڵكی لێقه‌وماو كراوه بووه و گه‌له‌كه‌مان چه‌ند نه‌دار و هه‌ژاریش بووبێت له هاوكاریكردنی یه‌كتر ته‌نانه‌ت خه‌ڵكی بیانیش درێغییان نه‌كردووه.
به‌داخه‌وه به‌هۆی چه‌ندین ساڵه‌ی شه‌ڕی سه‌پێندراو و داگیركردنی خاكه‌كه‌ی زۆربه‌ی گه‌له‌كه‌مان توانا ماددیه‌كه‌ی له‌و ئاسته‌دا نه‌بووه بتوانن هاوكاریی یه‌كتر بكه‌ن و ڕێژه‌ی هه‌ژاری ونه‌داری كه‌مبكه‌نه‌وه.
به‌ڵام هه‌ڵوێستی جوامێرانه‌یان به‌رده‌وام هه‌بووه به‌جۆرێك ئه‌و پارچه نانه‌ی كه هه‌یانبووه هه‌میشه ویستویانه له‌گه‌ڵ هاونیشتیمانیان به‌شی بكه‌ن، زۆرن ئه‌و نموونه جوامێرانه و ئه‌و كاره خێرخوازانه‌ی پێشتر كراون و نموونه‌ی زۆر به‌رچاویشیان ئه‌وكاته بوو كه ئه‌نفالی شووم ڕوویدا و زۆر له خانه‌واده‌ی ئه‌نفاله‌كان هێندران وله‌كه‌ناره‌كانی شار جێگیركران وخه‌ڵكی شاری هه‌ولێر خۆشه‌ویست وشاره‌كانی دیكه‌ی كوردستان به هانایانه‌وه چوون وده‌ستی یارمه‌تییان بۆ درێژكردن، ئه‌مه یه‌كێك بووه له‌و كاره خێر خوازییه گه‌ورانه‌ی هه‌میشه شانازیی پێوه ده‌كه‌ین وله‌بیرمانه چۆن به‌هانای یه‌كتره‌وه چوون.
جیا له‌وه‌ش گه‌له‌كه‌مان به‌رده‌وام دۆست ودڵسۆزی ده‌ره‌كیی هه‌بووه وله‌كاتی ڕاپه‌ڕین ودوای ئه‌وه‌ش له ساڵه سه‌خته‌كان گه‌له‌كه‌مان تووشی نه‌هامه‌تیی زۆر هات و سوپاس بۆ هه‌موو ئه‌و ڕێكخراو و لایه‌نانه‌ی له‌و كاته به‌هانای خه‌ڵكی ئێمه‌دا هاتن وئێمه به‌ڕێز وپێزانینه‌وه ئه‌مڕۆ بیریان ده‌كه‌ینه‌وه.
هه‌ندێك له‌و ڕێكخراوانه‌ی كه ئه‌و سه‌رده‌مه ده‌ستی هاوكارییان بۆ ئێمه درێژكرد ئێستاش به‌رده‌وامن بۆ گه‌یاندنی یارمه‌تی و هاوكاری بۆ به‌شێكی گه‌له‌كه‌مان له‌وانه‌ش مانگی سووری ئیمارات كه تاوه‌كو ئێستا ساڵانه یارمه‌تیی 5181 منداڵی بێ باوك یان بێ دایك ده‌دات وئه‌م كاره‌یان جێگه‌ی پێ‌زانین و ڕێزێكی زۆری ئێمه‌یه و ئێمه سوپاسیان ده‌كه‌ین، به‌ڵام ژماره‌ی ئه‌و ئازیزانه‌ی بێ ناز وبێ دایك وباوكن ز‌ور له‌وه زیاتره. به‌پێی ئه‌و ئاماره‌ی كه له‌به‌رده‌ستی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانیدایه زیاتر له 11 هه‌زار كه‌سی بێ ناز وبێ دایك وباوك له‌كوردستاندا هه‌ن وله‌به‌رنامه‌ی ئێمه‌دایه كار بۆ ئه‌وه بكه‌ین بتوانین ده‌ستی یارمه‌تی بۆ هه‌ر هه‌موویان درێژ بكه‌ین.
سوپاس بۆ خوا ئێستا به‌هۆی سه‌قامگیریی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان زه‌مینه‌یه‌كی باش ڕه‌خساوه بۆ گه‌شه‌كردنی باری ئابووریی هه‌رێم، ئێستا ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو له خه‌ڵكی خۆمان له‌بواری بازرگانیدا سه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌ستهێناوه و توانای ماددیی باشیان هه‌یه بۆیه كاتی ئه‌وه هاتووه له‌ئاستی ناوخۆشدا تواناكانی خۆمان بخه‌ینه‌گه‌ڕ بۆ بواری خێرخوازی وڕێكیان بخه‌ین ئیدی خۆمان ئاوه‌ڕ له‌و ئازیزانه بده‌ینه‌وه.
پێشی ئێستا بینیمان له ناوچه جیاجیاكانی كوردستان بۆ خه‌ڵكی لێقه‌وماوی ناوخۆ ته‌نانه‌ت له‌پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستانیش وه‌كو شاری وان و ئه‌و ئاوارانه‌ی ڕۆژئاوای كوردستان هه‌ڵمه‌تێكی گه‌وره‌ی جه‌ماوه‌ری به‌ڕێوه‌چوو خه‌ڵكی ئێمه سه‌لماندیان ئه‌م نه‌ریته ڕه‌سه‌نه له‌نێویاندا به‌به‌هێزی ماوه‌ته‌وه.
ئاگادارین زۆرێك له‌و خۆشه‌ویستانه‌ی ئێستا لێره‌ن ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ ئاوه‌ڕیان له‌خه‌ڵكی هه‌ژار و كه‌مده‌رامه‌ت داوه‌ته‌وه كه ئه‌مه‌ش جێگه‌ی ڕێز وپێزانینه به‌ڵام به پێویستی ده‌زانین كه ئه‌م كرداره پیرۆزانه فراوانتر بكه‌ین و ڕێكیان بخه‌ین و به‌یارمه‌تیی ده‌زگاكانی خێرخوازیی وه‌كو ده‌زگای بارزانی هه‌وڵبده‌ین ئه‌و یارمه‌تییه كاریگه‌رتر وئاسانتر به‌و كه‌سانه بگات كه پێویستیان پێی هه‌یه.
ئێستا ئه‌وه‌ی من ئاگادارم ئێوه‌ی به‌ڕێز وخێرخوازی دیكه له‌ڕێگه‌ی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانییه‌وه یارمه‌تیی 2023 كه‌سی دیكه‌تان له‌و ئازیزانه له‌ئه‌ستۆ گرتووه، من ده‌ستخۆشیتان لێده‌كه‌م وئه‌مه به‌ئه‌ركێكی نیشتیمانی وئایینی ده‌زانم وخوا پاداشتی هه‌موو لایه‌كتان بداته‌وه.
ئه‌مه هه‌نگاوێكی باشه چونكه وه‌كو یه‌كه‌م هه‌نگاو ڕێژه‌یه‌كی چاكی له‌و ئازیزانه له‌خۆگرتووه ، هیوادارین به‌به‌شداریی خێرخوازانی وه‌كو ئێوه و زیاتریش براده‌رانی دیكه ئه‌گه‌ر بتوانن هه‌نگاو بنێن ئه‌و پرۆژه‌یه فراوانتر بكه‌ین به‌جۆرێك كه له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا له‌و به‌رنامه‌یه هه‌موو ئه‌و ئازیزانه بگرێته‌وه كه هه‌روه‌ك ئاماژه‌م پێیكرد ژماره‌یان له‌سه‌رووی 11 هه‌زار كه‌سه.
ئێوه‌ی به‌ڕێز هاوبه‌شی ئه‌و پرۆژه‌یه‌ن ، خاوه‌نی ئه‌و پرۆژه‌یه‌ن له‌گه‌ڵ براده‌رانی دیكه‌دا ده‌بێ هاوكاری بكه‌ن و هاوكاریی ئێمه بكه‌ن ومن داواكارم لێتان یارمه‌تیده‌رمان بن بۆ به‌رفراوانكردنی ئه‌م پرۆژه‌یه و هه‌رخۆشتان كارێكی وا بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م كاره خێر خوازییه هه‌موو ئه‌و منداڵانه بگرێته‌وه وببن به خاوه‌نی پرۆژه‌یه‌كی فراوان له‌كوردستان و كه‌سێك له‌وانه‌ی له نازی دایك و باوكیان بێبه‌ش بوونه له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م پرۆژه‌یه نه‌مێنێت.
ئێمه وڵاتێكی ده‌وڵه‌مه‌ندمان هه‌یه و خێر وبێری كوردستان له‌ئاستێكدایه كه پێویسته ژیانێكی شایسته بۆ تێكڕای پێكهاته‌كانی گه‌له‌كه‌مان دابین بكه‌ین بۆیه ده‌بێ به هه‌موو لایه‌كمان هه‌وڵبده‌ین به‌پشتبه‌ستن به توانا ناوخۆییه‌كان ئاستی ژیانی گه‌له‌كه‌مان بوژانه‌وه‌ی زیاتر به‌خۆیه‌وه ببینێت و وێڕای ئه‌وه‌ش ده‌ستی هاوكاریمان ده‌بێ بگاته خوشك وبرایانمان له‌پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان ته‌نانه‌ت لێقه‌وماوانی گه‌لانی دیكه له ناوچه‌كه و سه‌رانسه‌ری جیهان.
جارێكی دیكه سوپاس و ده‌ستخۆشیتان ئاراسته ده‌كه‌م وئاراسته‌ی هه‌موو برایانی به‌ڕێز وئاماده‌بوان ده‌كه‌م له ده‌زگای خێرخوازیی بارزانیدا كار ده‌كه‌ن ده‌ستخۆشیتان لێده‌كه‌م وسوپاستان ده‌كه‌م هیوادارم سه‌ركه‌وتوو بن وپه‌نا به‌خوا له‌م كاره خێرخوازییه‌تان به‌رده‌وام ده‌بن.
و زۆر سوپاسی ئێوه‌ی خۆشه‌ویست ده‌كه‌م به‌خێر بێن
