بورهان فەرەج، پەرلەمانتار لەسەر لیستی كوردستانی لە پەرلەمانی عێراق بە (گوڵان) ی راگەیاند: ئەو بارودۆخەی ئێستا هاتۆتە ئاراوە هەمووی بۆ سەرپێچی كردنی دەستووری دەگەڕێتەوە، كە مالیكی نەیتوانی كێشەكان وەكو خۆیان بخوێنێتەوە، ئەمڕۆ عێراق وڵاتێكی دیموكراسی و فرەیی و دەستوورییەو پێویستە رێز لەو ئیمزایانە بگرین كە لەو رێككەوتننامانەدا كردوومانن، وا كەوتەوە كە مالیكی بەشێكی عیراقییەی لە خۆی عادز كردبوو، هەروەها لە شیعەكان سەدرییەكان وێڕای ئێمەی كوردیش، مالیكی نەیتوانی قەناعەت بەم سێ پێكهاتە سەرەكییانەی عێراق بهێنێت و كاریان لەگەڵدا بكات، هەندێ لایەنی دیكەی شیعەش ماوەتەوە، من لەو بڕوایەدام كە حزبی دەعوەش بیرو بۆچوونی لەگەڵ مالیكیدا نییە، ئێستا مەرجەعییەش هاتۆتە سەرخەت كە دژی زۆر لە بۆچوونەكانی مالیكییە، مەرجەعییە زۆر كێشە لە عێراقدا چارەسەردەكات، مەرجەعییە وەك پاپا وایە لە عێراقدا، ئەو فتوا دەردەكات، بۆیە چ مەرجەعیەت چ حەوزەی عیلمی فتوا دەردەكەن و هیچ كەس و لایەنێك ناتوانن پێوەی پابەند نەبن، ئەو دوو لایەنە لەگەڵ بۆچوونەكەی موحسین ئەلحەكیمن كە لەگەڵ ئەوە نین كێشە لە عێراقدا بێت و سوپا بێتە نێو كێشەكانەوە.
بورهان فەرەج گەتیشی: ئەمە وای كردووە كە هەموو مەسەلەكان بە قازانجی مالیكی كۆتایی نەیەن، بە بڕوای من مالیكی ئێستا تووشی هیستریایەك بووە، هەروەها نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەمریكاو ئێرانیش لەگەڵ ئەو كێشانەدا نین كە مالیكی دروستی كردوون، ئێستا دەبێت ئێمەكار لەسەر ئەوە بكەین كە بە چ شێوەیەك بتوانین مالیكی لەم بۆچوونەی بەلاوە بنێین، تا دوای ئەو هیچ كەسێك جورئەت نەكات كێشەی ئاوا بوروژێنێت، بۆیە لێرەدا دوو رێگە هەن، یان مالیكی بە تەواوەتی بێتەوە سەرخەت و واز لە رەفتارە نادەستووریانەی بهێنێت، یان متمانەی لێ بسەندرێتەوە، هەر ئەمانەن چاكترین رێگە بۆ چارەسەركردنی ئەم قەیرانە