عەبدولقادر بازرگان: هەموو توركمان دژی ئۆپەراسیۆنی دیجلەن و سەرۆك بارزانی زوو هەستی كرد كە دانیشتن لەگەڵ مالیكیدا زۆر زەحمەتە
سەرۆكی بزووتنەوەی چاكسازیی توركمان گوتیشی: رەنگە هەندێ لایەن دژی ئەم هەنگاوانە نەبن، بەڵام خودی خۆشم و هەموو توركمان و بزووتنەوەی چاكسازیی توركمانیش دژی ئۆپەراسیۆنەكانی دیجلەین و ئەو هێزە دەبێت هەڵبوەشێتەوە، هەروەها تەئكیدیش دەكەینەوەو داوا دەكەین كە پێشمەرگە لەناو سەنگەرەكانی خۆیاندا بمێننەوە، چونكە ئەو حكومەتە بەهیچ شێوەیەك جێگەی بڕوا نییە، هەروەها داوادەكەم سەرۆك كۆماریش دەسەڵاتەكانی خۆی بەكار بهێنێت، چونكە زۆر شت هەیە لە دەستی بەڕێزیاندایە، بۆیە دووپاتی دەكەمەوە كە ئەو هێزە دەبێت بكشێتەوەو خودی مالیكیش كە ئێستا سەرۆكی حكومەتە بەهەڵبژاردن نەهاتووە، بەڵكو بە تەوافوقی سیاسی كوردو سوننەو شیعە بووەتە سەرۆك حكومەت، جا ئەگەر هەر لەسەر حوكم بەردەوام بێت ئەوە وەك كودەتایەكی سەربازی خۆی دەسەپێنێت
دولقادر بازرگان زیاتر گوتی: مالیكی بەم رەفتارانەی دەیەوێت تا هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق لەسەر حوكم بمێنێتەوە، هاوكات زۆر هەنگاوی تاكڕەوی دیكەی هاویشتووە وەكو چەك كڕین لە وڵاتان بە بیانووی بەهێزكردنی سوپا و بەرگری كردن، بەڵام ئەمەش دەچێتە خانەی بەتاڵانبردنی سامانی وڵات، چونكە بۆ هەموو لایەك روون بووەوە كە چۆن مەسەلەی گەندەڵی هاتە ناوەوە، بۆیە ناوبەناو بیانوویەك دەدۆزێتەوە بۆ ئەوەی خەڵك و حزب و لایەنە سیاسییەكانی پێ خەریك بكات، بەڵام سەركردایەتی سیاسیی كوردستان لە سەروشیانەوە سەرۆك مسعود بارزانی زوو هەستی بەمە كردو رایگەیاند كە دانیشتن لەگەڵ مالیكیدا زۆر زەحمەتە، چونكە خاوەن هەڵوێست و بەڵێنی خۆی نییە و ئەو دژی هەڵبژاردنەو حەزدەكات لە ئێستاوە هەوڵ بدات بۆ هەڵبژاردن كۆنترۆڵی ناوچە دابڕاوەكان و شیعە نشین و سوننەنشینەكانیش بكات بۆ ئەوەی ئەم جارەش دەنگێكی زۆر بەدەست بهێنێت و ببێتە دیكتاتۆرێكی دیكە، سەبارەت بەو هەڵسوكەوتەی مالیكیش كە دەیەوێت ناخۆشی بخاتە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو گەلی برا كورد و توركمان ئەوە بە هیچ شێوەیەك ناتوانێت بەینمان تێك بدات هەتا ئەگەر جیاوازیشمان لە بیرو بۆچووندا هەبێت بەڵام لەسەر پرسە چارەنووسسازەكان یەك هەڵوێستین، كورد و توركمان هەردەم بەیەكەوە لە سەر یەك خاك دەژین و بە درێژایی مێژووش بەرژەوەندی و هەڵوێستییان یەكیگرتۆتەوە، هاوكات ئەگەر كورد بەهێزبووبێت، ئەوا توركمانیش هەر بەهێزبووینە، بە پێچەوانەوەش، بۆیە لێرەدا دووپاتی دەكەمەوە كە توركمان هەردەم دژی بۆچوون و هەڵسوكەوتەكانی مالیكی دەوەستنەوە.
