بارزانی: ئەمڕۆ پێشمەرگە ئەرکێکی پیرۆزی لەسەرە، چونکە پارێزگاری لە ئاییندەی گەلی کوردستان دەکات
سەرۆک بارزانی خاڵەکانی پێشەوەی ھێزەکانی پێشمەرگەی لە ناوچەی لەیلان بەسەرکردەوەو سڵاو رێزی جەماوەری خەڵکی کوردستانی بە سەرجەم پێکھاتەو نەتەوەکانەوە پێگەیاندن.
لە وتەیەکیشدا پێی راگەیاندن: ئێوە ئەمڕۆ ئەرکێکی پیرۆزتان لەسەرە، چونکە ئێوە پارێزگاری لە ئاییندەی گەلی کوردستان دەکەن، ئاماژەی بەوەشدا کە کورد بەدرێژایی مێژوو دژی شەڕ بووە، ھاوکات ئامادەش نەبووە سەر بۆ دوژمنەکانی دانەوێت.
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشدا کە گەلی کوردستان قوربانی زۆری داوە تا بەم رۆژە گەیشتووە، بۆ ئەو مەبەستەش تاوانەکانی ئەنفال و کیمیابارانکردنی ھەڵەبجەو رووخاندنی ٤٠٠٠ گوندی ھەرێمی کوردستانی بە نمونە ھێنایەوە.
وتیشی: لە راپەڕینی ساڵی ١٩٩١ و دوای رووخانی رژێمی بەعس و رزگارکردنی بەشێکی زۆر لە ھەرێمی کوردستان، ھێزی پێشمەرگە ھیچ مامەڵەیەکی خراپی لەگەڵ سوپای عێراقدا نەکردووە، لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ ، کورد رۆڵی بەرچاوی بینیوە لە بونیادنانەوەو پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراقدا.
لە بەشێکی تری وتەکەیدا سەرۆکی ھەرێم وتی: لەگەڵ سەرۆک تاڵەبانی لەدوای پرۆسەی ئازادییەوە ھەموو ھەوڵێکمانداوە بۆئەوەی عێراقی نوێ دروست بێت، لە سەروو ھەمووشیانەوە ئەو ھەوڵانەی داومانە بۆ جێگیرکردنی دەستوور کە مانەوەی یەکپارچەیی خاکی عێراق بەندە بەو دەستوورەوە، بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ ھیچ پابەندییەک بەو دەستوورەو نابینرێت و بەشێوەی نایاسایی فەرماندەیی فیرقە لەلایەن عێراقەوە دادەنرێت کە ھیچ یەکێکیان نەچۆتە پەرلەمان و رێچکەی یاسایی خۆیان وەرنەگرتووە و بە نایاسایی دادەنرێن.
سەرۆکی ھەرێم تەئکیدی لەسەر پابەندبوون بە دەستووری عێراق کردەوەو رایگەیاند: قبووڵکردنی ماددەی ١٤٠ لەلایەن ئێمەوە، ئەوە ناگەیەنێت کە گومانمان لە کوردستانی بوونی کەرکوک و ناوچەکانی تر ھەبێت، بەڵکو بۆ ئەوە بوو کە کێشەکان بە رێگەیەکی دەستووری چارەسەر بکرێن کە بەداخەوە ھەندێک لایەن ئەمڕۆ خۆیان لەو دەستوورە دەدزنەوە.
