فوئاد حوسێن: ھەڵوێستی سەرۆک بارزانی ھەمیشە لەگەڵ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان بووە لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا
فوئاد حوسێن ئەمڕۆ یەکشەممە لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ھەرێم رایگەیاند، ھەڵوێستی بەڕێز مهسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ھەمشیە لەگەڵ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان بووە لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا و وادەی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانیش پێویستە پێشوەختە لەلایەن حکوومەتی ھەرێم و بە ھەماھەنگی لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان دیاریی بکرێت، و ئاماژەیدا کە پرسی راگەیاندنی وادەی ئەنجامدانی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان لە ژێر دیراسەتدایە و دواتر بە پێی لەبەرچاوگرتنی رێڕەوی یاسایی؛ لایەنە پەیوەندیدارەکانی لێ ئاگادار دەکرێتەوە.
سەبارەت بە دەستنیشانکردنی وادەی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی ھەرێم و ئامادەکاریی بۆ ھەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان، فوئاد حوسێن رایگەیاند کە سەرۆک بارزانی ھەمیشە لەگەڵ ھەرچی زووتر ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا بووە لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا و بەر لە ئێستاش ئەو ھەڵوێستەی بەڕێزیان ھاتۆتە راگەیاندن، بەڵام وادەی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان پێویستە پێشوەختە لەلایەن حکوومەتی ھەرێم و بە ھەماھەنگی لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان دیاریی بکرێت تاوەکو دواجار لەلایەن بەڕێز سەرۆکی ھەرێمەوە پەسەند بکرێ.
ههروهها له بارهی راگەیاندنی وادەی ھەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستانیش، سەرۆکی دیوان ئاشکرای کرد، پرسی ھەڵبژاردنی خولی نوێی پەرلەمان لە ژێر دیراسەتدایە و دوای تاوتوێکردنی پرسەکەش بە لەبەرچاوگرتنی رێوشوێنە یاساییەکان، لە کاتێکی گونجاودا لەلایەن بەڕێز سەرۆکی ھەرێمەوە فەرمانی پێ دەردەکرێ و لایەنە پەیوەندیدارەکانی لێ ئاگادار دەکرێتەوە. بەڕێزیان ھەروەھا ئاماژەیدا کە ھێشتا ماوەیەکی زۆر لەبەردەمدایە بۆ ئامادەکاریی و بە پێی بڕگەی دووەمی ماددەی ١٠ی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم دەکرێ لە ماوە شێست رۆژی پێش کۆتاییھاتنی خولی ھەڵبژاردنیشدا وادەی ھەڵبژاردنی خولی نوێ رابگەیەنرێ."
