ئێران تاڵه‌بانی‌و بارزانی دڵنیا ده‌كاته‌وه له‌رونه‌دانی شه‌ری نێوان مالكی‌و كورد
سه‌رچاوه‌یه‌كی سیاسی ئاگادار به‌ئاوێنه‌ی راگه‌یاند، رۆژی 27-11 نوێنه‌ری رابه‌ری شۆرشی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ كاروباری ئه‌منی‌و سیاسی ده‌ره‌وه‌ی ئێران قاسمی سلێمانی به‌نهێنی‌و له‌رێگای فرۆكه‌یه‌كی تایبه‌ته‌وه گه‌یشتۆته هه‌ولێر‌و له‌گه‌ڵ تاڵه‌بانی‌و بارزانی‌و نێچیرڤان‌و به‌رهه‌م ساڵح‌و چه‌ند ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسی هه‌ردولا كۆبۆته‌وه.
سه‌رچاوه‌كه‌ی ئاوێنه ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد كه قاسمی سلێمانی مه‌ترسییه‌كانی گه‌وره‌بونی ئه‌و كێشه‌یه‌ی له‌سه‌ركرده كورده‌كان نه‌شاردۆته‌وه، به‌ڵام دڵنیاشی كردونه‌ته‌وه كه ئه‌وان ناهێڵن شه‌ڕ له‌نێوان به‌غدا‌و هه‌رێم روبدات.
ئه‌م سه‌ردانه‌ی قاسمی سلێمانی هاوكات بو له‌گه‌ڵ سه‌ردانی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته عه‌لی لاریجانی بۆ به‌غدا‌و كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ نوری مالیكی‌و گه‌وره به‌رپرسانی حكومه‌تی به‌غدا. له‌و كۆبونه‌وانه‌دا لاریجانی ئاماده‌یی كۆماری ئیسلامی ئێرانی بۆ ناوبژیوانی نێوان به‌غدا‌و هه‌رێم پیشانداوه بۆ ئه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه نه‌گاته ته‌قینه‌وه.
سه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌مجاره‌ی قاسمی سلێمانی بۆ هه‌رێمی كوردستان دوه‌مین سه‌ردانی ئه‌م گه‌وره به‌رپرسه‌ی ئێرانه له‌ماوه‌ی سێ مانگدا، پێشتر رۆژی 25-9 هاوشێوه‌ی ئه‌مجاره‌و به‌نهێنی قاسمی سلێمانی سه‌ردانی هه‌رێمی كرد‌و له‌پارێزگای سلێمانی به‌جیا له‌گه‌ڵ تاڵه‌بانی‌و نه‌وشیروان كۆبوه‌وه‌و له‌هه‌ولێریش چاوی به‌نێچیرڤان بارزانی كه‌وت.
