3ـی کانوونی یەکەم/دیسەمبەر(گوڵان میدیا)- سەبارەت بە شكستهێنانی گفتوگۆكانی ئەم دواییەی شاندی سەبازی هەرێم لەگەڵ بەغدا و ئەو ئاراستەیەی كە ئەگەری پێشبینیكردنی هەیە، كاردۆ محەمەد سەرۆكی فراكسۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكی تایبەت بۆ گوڵان وتی: عێراق ئێستا لەبارودۆخێكی هەستیاری پڕ قەیراندایە و بزووتنەوەی گۆڕان لەكاتی گفتوگۆكاندا سەبارەت بەنەخشە ڕێگای چارەسەركردنی كێشەكان چەند پێشنیارێكی كردبوو تاوەكو چەند هەنگاوێك بنرێن، لەوانە پێویستە یەكەمجار نوێنەرانی كورد لەبەغدا هەموو ئەو ڕێگا دەستووری و یاساییانە بگرنە بەر كە دەبێتە مایەی ئەوەی ئێمە لەعێراقدا ئیستحقاقی دەستووریمان هەیە و مافی پێكەوەژیان و نەتەوایەتیمان هەیە، هەربۆیە پێویستە كورد لەمەودوا بەشێوەیەكی دامەزراوەیی ئەم ستراتیژییە دابڕێژێت بۆ هەنگاوەكانی داهاتووی، چونكە عێراق بەبارودۆخێكی مەترسیداردا دەڕوات و كاریگەری هەرێمیشی لەسەرەو قەیرانەكە قووڵ دەبێتەوە، هەربۆیە پێموایە یەكەم هەنگاو لەبەغداوە دەست پێ دەكات لە ڕێگای بەكارهێنانی كارتی دەستووری و یاسایی و مافەكانی گەلی كوردستان. گەر بێتوو ئەو هەنگاوەش شكستی هێنا ئەوكاتە پێویستە كورد هەموو ئەگەرەكان لەبەرچاو بگرێت هەر لەئەنجومەنی پارێزگاوە لەكەركوك كە ئیدارەكەی بڕیاری هەیە سەبارەت بەهەنگاونانی پێویست بۆ رووبەڕووبوونەوەی بارودۆخەكە ئەركی هێزە سیاسییەكانی كوردستانیشە پشتیوانی بڕیاری ئیدارەی كەركوك بكەن، پێویستە كورد سووربێت لەسەر پاشەكشەپێكردنی ئەو هێزانەی هێنراونەتە ناوچە دابڕێنراوەكان بەتایبەتی دروستكردنی فەرماندەیی دیجلە، هەروەها هەوڵبدرێت ئەم بارودۆخە بكرێتە دەرفەتێك بۆ بە هێزكردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و وەكو سوپایەكی نیشتمانی و داكۆكیكەر لەناوچە دابڕێنراوەكانی هەرێمی كوردستان كە كاریگەری بەهێزی لەسەر بارودۆخەكە دەبێت، هاوكات هەرێمی كوردستان پێگەی خۆی بەهێز بكات لە ڕێگای رێكخستنی ناوماڵی خۆی و پیادەكردنی بەرنامەیەكی چاكسازی كە كاریگەری دەبێت لەسەر بەهێزی پێگەی هەرێم لە رووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێك گەربێتوو لەدواڕۆژدا بكرێتە سەر هەرێمی كوردستان.