له‌ به‌غدا هه‌ردوو لیژنه‌ى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و وه‌زاره‌تى به‌رگریى عێراق كۆبوونه‌وه‌

له‌ به‌غدا هه‌ردوو لیژنه‌ى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و وه‌زاره‌تى به‌رگریى عێراق كۆبوونه‌وه‌
26ی تشرینی دووه‌م/نۆڤمه‌به‌ر(گوڵان میدیا)- كۆبونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆى نێوان هه‌ردوو لیژنه‌ى هاوبه‌شى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و وه‌زاره‌تى به‌رگرى عێراق تایبه‌ت به‌ ڕه‌وشى ناوچه‌ دابڕێندراوه‌كان كه‌ له‌ به‌غدا به‌ڕێوه‌چوو، كۆتایهات.

له‌م باریه‌شه‌وه‌ هه‌ڵگورد مه‌لا حیكمه‌ت ئه‌ندامى لیژنه‌ى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ به‌ كوردستان تى ڤى ڕاگه‌یاند كه‌ شانده‌كه‌ى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ له‌ هه‌ر یه‌كه‌ له‌ فه‌ریق شێروان و فه‌ریق جه‌بار یاوه‌ر پێكهاتوون و شانده‌كه‌ى وه‌زاره‌تى به‌رگریش له‌ هه‌ر یه‌كه‌ ساڵح فه‌یاز ڕاوێژكارى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق و فه‌ریق فاروق ئه‌عره‌جى و عه‌لى غێدان و حسێن عه‌وادى پێكهاتبوون و هه‌ردوو لیژنه‌ى كارى باڵاى هاوبه‌ش له‌ نووسینگه‌ى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق كۆبوونه‌وه‌یه‌كى هاوبه‌شیان سازكرد.

هه‌ڵگورد مه‌لا حیكمه‌ت گووتیشى له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا په‌یامێكى سه‌رۆك وه‌زیرانمان پێگه‌یشت كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ موكڕى و سووربوونى سه‌رۆك وه‌زیران له‌ سه‌ر هێوركردنه‌وه‌ى ڕه‌وشه‌كه‌ و ئاماده‌یشى بۆ هه‌ر هاوكارییه‌ك پێشاندا.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا لیژنه‌ى باڵاى كارى هاوبه‌ش تاوتوێى میكانیزمى ئاسایكردنه‌وه‌ى ڕه‌وشه‌كه‌ى كرد و بڕیاریشه‌ وه‌ك ئه‌جێندایه‌كى كار پێشكه‌شى سه‌رۆك وه‌زیران بكرێت و بڕیاریشه‌ كۆبوونه‌وه‌كان بۆ به‌یانى سێ شممه‌ درێژه‌یان هه‌بێت.
Top