وەزیری پێشمەرگە: لە ئامادەباشی تەواوداین
لە بارەی سەردانەکەوە, وەزیری پێشمەرگە شێخ جەعفەر موستەفا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند؛ بۆ لە نزیکەوە بینینی ھێزەکانی پێشمەرگە و سەنگەرەکانیان ھەروەھا بۆ لە نزیکەوە ئاگاربون لەبارودۆخی ناوچەکە سەردانیان کردون، لەو بارەیەشەوە وتی، ھێزی پێشمەرگە لەوپەڕی ئامادەباشیدان و ورەیەکی بەرزیان ھەیە و بڕوای تەواویان بەوە ھەیە کە نابێت جارێکی دیکە رێگە بە ھیچ ھێزێکی داگیرکەر بدرێت بێنە ناوخاکی کوردستانەوە داگیری بکەن.
مستەفا ئاماژەیدا؛ بڕوای تەواویان بە ھێزەکانی پێشمەرگە ھەیە کە تواناو بەرگرییەکی باشیان ھەیە و ھیچ ھێزێک ناتوانێت سەنگەرەکانیان پێ چۆڵ بکات.
ھەر لە درێژەی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا وەزیری پێشمەرگەی کوردستان رایگەیاند؛ ھێزی پێشمەرگە بەنیازی ھێرشکردن نییە تا ئەوپەڕی تواناشیان ھەوڵدەدەن ھیچ روداوێکی نەخوازراو لە لایەن ھێزی پێشمەرگەوە روونەدات، چونکە پێیان وایە شەڕکردن لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستاندا نییە و ئەمرۆ خەڵکی عێراق و کوردستانیش پێویستیان بە خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوە ھەیە, ئەگەر شەڕیش رووبدات لە کۆتایدا ھەر دەبێت بە شێوازی دانیشتن و کۆبوونەوە کێشەو گرفتەکان چارەسەربکرێن.
شێخ جەعفەر روونیکردەوە: وەکو سەرکردایەتی و تەواوی لایەنەکان لەگەڵ ئەوەدان پێش ئەوەی ھیچ رووداوێک رووبدات، تا ئەوپەڕی توانایان ھەوڵ دەدەن کێشەو گرفتەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن، بەڵام لە کاتی ھەر دەستدرێژییەک لە لایەن ھەر ھێزێکەوە، ئەوا ھێزەکانی پێشمەرگەوە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.
ناوچەی ناودومان دەکەوێتە نێوان شاری خانەقین وشارەدێی جەلەولاوە, ئەو سنورە لە لایەن ھێزەکانی ئەمریکاوە دیاری کراوە لە ئێستادا لە لایەن سوپای عێراقەوە ھێزێکی زۆر ڕەوانەی ناوچەکە کراوە و ھاوکات ھێزێکی زۆریش لە ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە بەرامبەریان وەستاونەتەوە و لە ئامادەباشیدان.
