ئاوی قوتابخانەكان پیسە
قوتابییەکان بۆ شکاندنی تینوێتییان بەرەو بەلوعەکانی ئاو غاریان دەدا، ئەوان نەیاندەزانی ئەو ئاوەی کە دەیخۆنەوە تا چ ڕادەیەک پیسە.
پێویستی نەدەکرد بۆ سەلماندنی پیسیی ئاوی تەنکییەکە نموونەی ئاو ڕەوانەی تاقیگە بکرێت، چونكە هەر لەگەڵ هەڵدانەوەی قەپاخی تەنکیی ئاوی قوتابخانەکەدا، چینێک لە پیسی بەدیار کەوت کە وەکوو پارچەیەک بەسەر ئاوەکەوە دیار بوو.
تەنکیی سەربانی زۆرینەی قوتابخانەکانی هەولێر جگە لەو قوتابخانانەی کە تازە دروست کراون، کۆنن و ئەمەیش گومانی پیسبوونی ئاوی لەم قوتابخانانەدا هێناوەتە کایەوە.
بەڕێوەبەری قوتابخانەکە کە نەیویست ناوی خۆی و قوتابخانەکە ئاشکرا بکرێت، ئاماژەی دا کە ئەوانیش دەزانن ئاوی تەنکییەکەی قوتابخانەکەی ئەوان و زۆربەی قوتابخانەکانی هەولێر پیسە و بە قوتابییەکانیشیان گوتووە ئاو نەخۆنەوە، بەڵام ناتوانن بە تەواوی ڕێگریی لێ بکەن.
بەشێکی زۆر لە قوتابخانەکانی هەولێر لە بەردەم مەترسیی تووشبوون بەو نەخۆشییانەن کە لە ڕێگەی ئاوی پیسەوە دەگوازرێنەوە و لە ئێستایشدا کە مەترسیی بڵاوبوونەوەی کۆلێرا لە ئارادایە، ئەم مەترسییە زیاتر دەردەکەوێت.
مەترسیی تەنکییە کۆنەکان
لە سەردانێکی مەیدانیی ڕۆژنامەی \"هەولێر\""ـدا بۆ 8 قوتابخانەی بنەڕەتیی هەولێر، دەرکەوت شەش لەم قوتابخانانە تەنکیی ئاوەکانیان کۆنە و گومانی پیسبوونیان لێ دەکرێت.
تەنکیی نوێ و ستاندارد جگە لە بوونی قەپاخێکی تایبەتی بۆ داپۆشینی دەرگەی تەنکی بۆ ڕێگەگرتن لە تۆز و پیسایی لە ژێرەوەی تەنکیەکەیش، بەلوعەیەکی تایبەتی بۆ دادەندرێت تا لە ساڵێكدا چەند جارێک خاوێن بکرێتەوە، بەڵام ئەم تایبەتمەندییە لە تەنکییە کۆنەکاندا نییە.
تاکە پاساوێک کە بەڕێوەبەرانی قوتابخانەكان بۆ پاکبوونی ئاوی قوتابخانەکانیان دەیانهێنایەوە، ئەوە بوو کە لە کاتی پڕکردنەوەی تەنکییەکان بەردەوام ئاویان لێ دەڕژێت، لە کاتێکدا ئەم پاساوە وێڕای بەفیڕۆدانی ئاو، ناتوانێت بە فاکتەرێکی سەرەکیی پاکبوونی ئاو لە قەڵەم بدرێت.
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر (بەکر کەریم حەسەن) ئەوەی خستە ڕوو کە هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ قوتابخانە نوێیەکاندا نییە کە لە ماوەی 3 ساڵی ڕابردوودا دروست کراون، بەڵام بەشێک لە قوتابخانە کۆنەکان تەنکییەکانیان کۆنە و بۆ ئەمەیش لەگەڵ سەرپەرشتیارانی کارگێڕی دانیشتنیان هەبووە و ئاگاداری بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکان و بەڕێوەبەری پەروەردەکانیان کردووە کە ئاوی تەنکییەکانیان خاوێن بکەنەوە.
ئەو گوتی كە بودجەی پێویست بۆ گۆڕینی سەرجەم تەنکییەکان نییە، بەڵام هەوڵ دەدەن لە داهاتوودا ئەم کێشەیە چارە بکەن.
قەدەغەکردنی خواردنەوەی ئاوی قوتابخانەکان
بە گوێرەی دوائامارەکانی وەزارەتی تەندروستی، لە هەرێمی کوردستاندا هەزار و 605 کەس بە گومانی تووشبوون بە کۆلێرا داخڵ کراون کە 192 حاڵەت پۆزەتیڤ دەرچووە.
تا ئێستا سێ هاووڵاتی لە سلێمانی و هاووڵاتییەک لە هەولێر بە هۆی تووشبوون بە پەتای کۆلێراوە گیانیان لە دەست داوە و قوربانییەکەی هەولێر دانیشتووی دهۆک بووە.
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دکتۆر (خاڵس قادر) جەختی کردەوە کە وەزارەتەکەیان لەگەڵ بەرپرسانی پەروەردە کۆبوونەوەی هەبووە و کۆمەڵێک ڕێنماییان ئاڕاستەی سەرجەم قوتابخانەکان کردووە، یەكێك لەوانەیش قەدەغەکردنی خواردنەوەی ئاوی قوتابخانەکانە.
ئەم بەرپرسەی وەزارەت، نەیشاردەوە کە گومانی پیسبوونی ئاوی قوتابخانەکان لە ئارادایە و هەوڵی ڕێگەگرتن لە خواردنەوەی ئاو لە قوتابخانەکان تا ئەو کاتە بەردەام دەبێت کە لە پاکبوونی ئاوی تەنکییەکان دڵنیا ببنەوە.
وەزارەتی تەندروستی، داوای لە قوتابییان کردووە کە ئاوی کوڵاوی ساردبووەوە لەگەڵ خۆیان ببەنە قوتابخانە یان لە ئاوی دەبە سوود وەربگرن.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، وەزیری شارەوانی هاووڵاتیانی دڵنیا کردەوە کە هیچ پڕۆژەیەکی ئاوی حکوومی بەکتریای تێدا نەدۆزراوەتەوە و ڕێژەی خاوێنییش، سەرووی ستانداردی جیهانییە، بەڵام کێ قوتابیان دڵنیا دەکاتەوە کە ئاوی تەنکییەکانی قوتابخانە خاوێنە و بۆیان هەیە نۆشی بکەن.
-هەولێر"
