پەكەكە: لە هاتنە ناوەوەی هێزی توركیا بۆ سووریا دەستەوەستان نابین

پەكەكە: لە هاتنە ناوەوەی هێزی توركیا بۆ سووریا دەستەوەستان نابین
باهۆز ئەردال سەركردەی باڵی سەربازیی پەكەكە دەڵێ، حزبەكەی دەستەوەستان نابێ لە كاتێكدا هێزی سەربازیی توركیا بیەوێ بێتە ناو خاكی سووریاوە، نەك تەنیا توركیا، بگرە بۆ هیچ وڵاتێكی هەرێمی ئاسان نییە دستوەردان لە دۆخی سووریادا بكا.

ئەردال لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ وارگەی ئەلیكترۆنیی ڕۆژنامەی \"ئەلسەفیر\""ی لبنانی، پێی وایە گەلی سووریا بە كورد و عەرەبیەوە پێشوازی لە هەنگاوێكی لەو شێوەیەی توركیا ناكەن.

جەخت دەكا لەوەی هەر دەستوەردانێكی توركیا و بەهەر بیانوویەكەوە بێ، دەبێتە هۆی قووڵبوونەوەی شەڕی ناوەخۆیی لە سووریادا، بگرە ئەو دەستێوەردانە دەبێتە هۆی تێكدانی سەقامگیری و ئاشتی لە سەرانسەری ناوچەكەدا.

ئەو سەركردە سەربازییەی پەكەكە باسی ئەوەشی كرد، ویستی مێژووییی توركیا و ئاراستەكانی حكوومەتەكەی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان ڕێگرن لە بەردەم توركیادا كە ڕۆڵێكی ئەرێنی و بێ لایەن لە شۆڕشەكەی سووریادا ببینێ.

ئەوەش دەڵێ، ئەو هێزە زۆرەی توركیا لەسەر سنووری سووریادا، ویستەكانی ئەو وڵاتە بەرامبەر بە گەلی سووریا بە گشتی و گەلی كورد بەتایبەتی ئاشكرا دەكا، چونكە توركیا هەڵوێستی دوژمنكارانەی بەرامبەر بە داواكاریی گەلانی سووریا بۆ ئازادی و ژیانی خۆشبەختانە هەیە.

دواتر ئەردال ئاماژەی بەوەش دا، پێمان وایە خۆ بەڕێوەبەردنی دیموكراسی بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد و كولتوور و ئاین و نەتەوە جیاوازەكان لەو وڵاتەدا باشترین چارەسەرە.













ئاكانیوز"
Top