نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ پارێزگارەكانی هەرێمدا كۆ دەبێتەوە
كۆبوونەوەكە بۆ لە نێزیكەوە ئاگەداربوون بوو لە كێشەكانى پارێزگەكان و گفتوگۆكردن لەسەر پێشنیازى پارێزگارەكان لەبارەی چارەسەركردنى كێشەكان و بابەتى دابەزاندنى دەسەڵاتى زیاتر بۆ پارێزگارەكان لە پێناو كەمكردنەوەى ڕۆتین لە ڕایكردنى كاربار و مامەڵەى هاووڵاتییان، جێبەجێكردنى پڕۆژەكانى خزمەتگوزاریى گشتى، كێشەكانى موڵكایەتی و زەویوزارى كشتوكاڵى، جێبەجێكردنى ماستەرپلانى شارەكان و هاوئاهەنگیى نێوان پارێزگە و فەرمانگەكانى سنوورى پارێزگەكان.
لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆكى حكوومەت ئاماژەى بە گرینگیى ئەم كۆبوونەوەیە دا و بڕیار درا بە شێوەیەكى دەورى ئەم كۆبوونەوانە بەردەوام بن. دواتر بە وردی گفتوگۆ كرا و جەخت لە پێویستیى دابەزاندنى دەسەڵاتی زیاتر بۆ پارێزگارەكان كرایەوە، بۆ ئەم مەبەستەش بڕیار درا ئەو لێژنەیەى پێشتر پێك هاتبوو كارەكانیان بەزوویی تەواو بكەن بەتایبەتیش لە پرسی دابەزاندنى دەسەڵاتەكاندا.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا پێشنیازى پارێزگەكان لەبارەی بابەتەكانى تایبەت بە كێشەى هاووڵاتییان لە زەویوزارى كشتوكاڵى و جێبەجێكردنى پڕۆژەكان پەسەند كران، وەزیرە پێوەندیدارەكان هاتنە ڕاسپاردن بە هاوئاهەنگیى پارێزگەكان پڕۆژە بڕیارى پێویست ئامادە بكەن تا لە كۆبوونەوەكانى ئەنجوومەنى وەزیراندا گفتوگۆیان لەبارەوە بكرێ و بڕیارى پێویستیان لەبارەیەوە بدرێ.
لە كۆتای كۆبوونەوەكەدا پارێزگارەكان هاتنە ڕاسپاردن تا كارنامەى كۆبوونەوەى داهاتوو ئامادە بكەن و بەدواداچوون لەبارەی بڕیارەكانى كۆبوونەوەى ئەمڕۆ بكەن.
