\"زەكاتی هەرێم بە كوردانی سووریا بدەن\"""

\
ئەمڕۆ دووشەم كەمپینی پشتیوانی لە كوردانی رۆئاوای كوردستان داوای لە خەڵكی هەرێمی كوردستان كرد زەكات و سەرفترە و كۆمەكەكانیان بگەیەننە كوردانی كوردستانی سووریا كە ئێستە لەدۆخێكی خراپدان.

عەلی مەحموود سەرپەرشتیاری كەمپینەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە لە هۆڵی سەنتەری ئاڵا لە هەولێر بەڕێوە چوو، رای گەیاند، داوا لە خەڵكی هەرێمی كوردستان دەكەین هاوكاری بەپەلە بگەیەننە كوردانی رۆئاوای كوردستان كە ئێستە لەدۆخێكی خراپی ژیاندان، پێویستە هاووڵاتییان و خێرخوازان كۆمەك و زەكات و سەرفترەی مانگی رەمەزان لە رێگەی ئەو كەمپین و گرووپانەی پێك هاتوون كۆمەكەكانیان بگەیەننە كوردانی رۆئاوا.

مومتاز حەیدەری یەكێك لە ئەندامانی دەستەی كەمپینەكە رای گەیاند، تادێ بارودۆخی هەمەلایەنەی كوردانی سووریا بە تایبەت شارە ئازادكراوەكانی هەرێمی كوردی بەرەو خراپ بوون دەچێ، بۆیە پێویستیان بەهاوكاری كردن هەیە.

زیاتر گوتی، پێشكشكردنی كۆمەك بە كوردانی سووریا ئەركێكی نیشتمانی و نەتەوەیی هەموو تاكەكانی كۆمەڵگە و حكوومەت و سەرمایەدارانە، بۆیە دەبێ هەموو خەڵكی كوردستان لە پێشكێشكردنی كۆمەك بە كوردانی سووریا بەشدار بن.

كەمپینی پشتیوانی لە كوردانی سووریا لە ساڵی 2012 دامەزراوە و تا ئێستەش ژمارەیەك كار و چالاكی بۆ پشتیوانی لە كوردانی سووریا ئەنجام داوە.














ئاكانیوز
Top