سبەی هەڵمەتێكی نیشتمانیی كۆكردنەوەی كۆمەك بۆ كوردانی سووریا دەست پێ دەكا
بۆزان محەمەد ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە لە بارەگای كۆمەڵەكە بەڕێوە چوو، ئاشكرای كرد، بڕیارە سبەی یەكشەم هەڵمەتێكی نیشتمانی كۆكردنەوەی كۆمەك بۆ كوردانی سووریا لە شاری هەولێر دەست پێ بكا و ماوەی 10 رۆژ بەردەوام دەبێ.
روونی كردەوە، كۆمەڵەكەمان ئەو هەڵمەتە رێك دەخا و پارێزگەی هەولێر و دەزگەی خێرخوازی بارزانی و ژمارەیەك لە دامەزراوەكانی تری حكوومەت هاوكارمان دەبن بۆ كۆكردنەوەی كۆمەك.
هەروەها گوتی، لەپێناو كۆكردنەوەی زۆرترین كۆمەك، 4 چادرگە لە پاركی سامی عەبدولرەحمان، پاركی شانەدەر، بەردەم ماجیدی مۆڵ و فاملی مۆڵ لە هەولێر بەشێوەیەكی هەمیشەیی دادەنرێ، هەروەها 4 سندوقی گەڕۆكیش هەر رۆژێك لەمزگەوت و كلێسەیەك دادەنرێ بۆ كۆكردنەوەی كۆمەك.
ئاماژەی بەوەش دا، ئەو كۆمەكەی كۆ دەكرێتەوە لەرێگەی رێكخراوە خێرخوازەكانەوە دەگەیەنرێتە كوردانی سووریا.
\"ئێستە دۆخی دارایی و كۆمەڵایەتیی كورد لە سووریا بە تایبەت ئەوانەی ئاوارە بوونە زۆر خراپە و پێویستیان بە هاوكاریی هەیە، بۆیە داوا لەسەرجەم خێرخوازان دەكەین هاوكارمان بن بۆ ئەوەی كۆمەكیان بكەین\"" بوزان گوتی."
