كۆبوونەوەی تایبەت بە پێكهینانی ئەنجوومەنی باڵای دانوستاندنی هەرێم لەگەڵ ناوەند دەستی پێ كرد

كۆبوونەوەی تایبەت بە پێكهینانی ئەنجوومەنی باڵای دانوستاندنی هەرێم لەگەڵ ناوەند دەستی پێ كرد
كەمێك لەمەوبەر لە تەلاری پەرلەمان كوردستان یەكەمین كۆبوونەوەی تایبەت بەپێكهینانی ئەنجوومەنی باڵای دانوستاندنی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ناوەند /حكوومەتی عێراق/ دەستی پێ كرد.
پێوەندییەكانی هەرێم و بەغدا زۆر جار رووبەڕووی رەخنە دەكرێتەوە بەوەی بەشێوەیەكی پیشەیی بەڕێوە ناچن و دیوەدەری تیادا نییە.

كۆبوونەوەكە بە ئامادەبوونی ڕۆژ نووری شاوێس جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق و ئەرسەلان بایز سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و محەمەد ئیحسان نوێنەری حكوومەتی هەرێم لە بەغدا و سەرۆكی فراكسیۆنەكانی كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە دەچێ.

تارق جەوهەر راوێژكاری راگەیاندنی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پێشتر رای گەیاندبوو، پێكهێنانی ئەنجوومەنەكە بۆ بەدواداچوون و بەڕێوەبردنی دانوستاندن لەسەر پرسە هەڵپەسێردراوەكانی نیوان هەرێم و بەغدا دەبێ.

رۆژی دووشەمەی رابردوو یەكەمین كۆبوونەوەی راوێژكاری فرەوان بۆ دامەزراندنی ئەنجوومەنی دانوستاندن لەگەڵ حكوومەتی بەغدا لەبارەی پرسە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بەڕێوە چوو، بەشداران دامەزراندنی ئەنجوومەنەكەیان بە كارێكی گرنیگ و پێویست ناو برد بۆ ئەوەی وەك دامەزراوەیەكی نیشتمانی سەرپەرشتی كاری دانووستاندن و وتوێژەكانی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی بەغدا بكا.

هەرێمی كوردستان ماوەی زیاتر لە 6 ساڵە چەند پرسێكی هەڵپەسێردراوی لەگەڵ بەغدا هەیە لەوانە: نەوت و غاز، بودجەی پێشمەرگە، مادەی 140 و پرسی فیدراڵی.















ئاكانیوز
Top