جەبار یاوەر: لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراقدا رێككەوتنێكی 7 خاڵیمان ئیمزا كردووە

جەبار یاوەر: لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراقدا رێككەوتنێكی 7 خاڵیمان ئیمزا كردووە
گۆتیار و ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ یەكشەم رای گەیاند، وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێم و وەزارەتی بەرگریی عێراق رێككەوتنێكی 7 خاڵییان بۆ چارەسەركردنی تەنگژەی هێنانی سوپای عێراق بۆ ناوچەكانی سنووری زومار و شەنگار ئیمزا كرد.

جەبار یاوەر ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیری و راگەیاندن و هۆشیاریی نیشتمانی بەڕێوە چوو رای گەیاند، دوێنێ شەموو لە شاری بەغدا بە ئامادەبوونی فەریق شێروان و من، هەروەها فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی وەزارەتی بەرگری و فەرماندەی پۆلیسی گشتیی عێراق كۆبوونەوەیەك بەڕێوە چوو.

زیاتر گوتی، پاش 3 سات گفتوگۆكردن لەبارەی پرسی هێنانی هێزێكی سوپای عێراق لە رۆژی 27ی تەمووز/یۆلیۆی رابردوو بۆ ناوچەی زومار و ئاڵۆزبوونی دۆخەكە و وەستانی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بەرامبەر بە یەكتر، گەیشتووینەتە رێككەوتنێك بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.

روونی كردەوە \"رێككەوتنێكی 7 خاڵی لە نێوانماندا هاتە ئیمزاكردن، ڕێككەوتنەكەش بریتی بوو لەوەی ئەو دوو هێزەی سوپای عێراق و پێشمەرگە كە بەرووی یەكتر وەستاون، هیچ جموجۆڵێكیان بەرەو سنووری یەكتر نەبێ، بگرە روویان دەكەنە سنووری سووریا بۆ پاراستنی سنووری نێوان عێراق و سووریا\"".

زیاتر گوتی، هەرچی هێزی سەربازیی زیادە هەیە لەو ناوچانە كە بەهۆی ئەو كێشانەوە هاتوونە ناوچەكە، دەگەڕێنەوە شوێنەكانی خۆیان و شەقامە گشتییەكان دەكرێنەوە، دوای تەواوبوونی كێشەی سووریاش هەموو ئەو هێزانە دەگەڕێنەوە ئەو شوێنانەی پێشتر لێوەی هاتوون.

ئاماژەی بەوەش دا، دوای وەرگرتنی رەزامەندیی سەرۆكی هەرێم وەك فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی هەرێم و نووری مالیكی وەك فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، لێژنەی باڵای كاری نێوان هەردوو وەزارەتی بەرگریی عێراق و پێشمەرگە بەكردەوە لە ناوچەكانی نەینەوا بۆ دانانی رێوشوێنی نوێی كاركردن لە ناوچە دابڕاوەكان دەكرێ.

ئەوەشی خستە روو، پێشتر لێژنەی باڵای كاری نێوانمان سێ لایەن بوو كە بریتی بوون لە حكوومەتی عێراق و هەرێم و نوێنەری سوپای ئەمەریكا، بەڵام ئێستە لێژنەكە لە نێوان ئێمە و وەزارەتی بەرگریی عێراقدا كار دەكا و ئەمەریكایییەكان وەك هاوئاهەنگی لەگەڵماندا دەبن.

یاوەر ئەوەشی راگەیاند، خاڵێكی تریش بریتی بوو لەوەی لێژنەی باڵای كار داوای دیدار و كۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق و هەرێم دەكا.

دواتریش ئاماژەی بەوە دا، زۆر جار ئەو كێشانە بەهۆی گەیشتنی زانیاریی هەڵە بووە بە هەردوو لایەن، بۆیە لەمەودوا هەر زانیارییەك بگا، پێشتر دەبێ لەلایەن لێژنەی باڵای كار پشتڕاست بكرێتەوە بۆ ئەوەی وەڵامدانەوەی بە هەڵە دروست نەبێ، هیوامان وایە لە ماوەی دوو رۆژی داهاتووشدا بەكردەوە دەست بە جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنە بكرێ.

لە ڕۆژی 27 تەمووز/یۆلیۆدا حكوومەتی عێراق بە پاساوی پاراستنی ناوچە سنوورییەكانی نێوان عێراق و سووریا، هێزێكی گەورەی كە لە هەردوو لیوای 37 و 38 پێك هاتوون رەوانەی ناوچەی زومار لە پارێزگەی مووسڵ كرد، لیوای 8ی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە كە لەو ناوچەیەدا جێگیرە رێگەی بەو هێزە نەداوە سنووری دەسەڵاتی هێزەكانی پێشمەرگە ببەزێنن و تا ئێستە هەردوولا بەرامبەر بە یەكتر وەستاون.











ئاكانیوز"
Top