کۆبونەوەیەک بۆ پێکهێنانی ئەنجومەنی باڵای دانوستانەکانى هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت
جێگرى سەرۆکی لیستی کوردستانی لەپەرلەمانی کوردستان ، عومەر نورەدینى، بە ئاژانسى هەواڵى پەیامنێرى راگەیاند: \"دواى ئەوەى کابینەى حەوتەمى هەرێمی کوردستان بڕیارى دروستکردنى ئەو ئەنجومەنەى دا، بۆ رۆڵگێرانى سەرەکى پێکهێنایشى پەرلەمانى کوردستانى راسپارد، بڕیارە سبەى ئێوارە 6 ى ئاب لە پەرلەمانى کوردستان بە ئامادەبونى بەرپرسانى باڵاى حکومى و فراکسیۆنەکانى پەرلەمانى کوردستان و نوێنەرى حزب و لاینە سیاسیەکانى هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانى عێراق کۆبونەوەیەکى فراوان بەڕێوە بچێت\"".
عومەر نورەدینى گوتى، لەو کۆبونەوەیەدا گفتوگۆ دەکرێت لەسەر پێکهاتەى ئەنجومەنەکە کە دەبێت لە کەسانى شارەزا و سەرجەم لایەنە سیاسیەکان پێکبێت، هەروەک باسى رۆڵ و ئەرکى ئەنجومەنکەش دەکرێت کە بەدواداچوونە بۆ کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداو شوێنەکانى تر.
باسى لەوەشکرد، ئەو کۆبونەوەیە تەنها بۆ گفتۆگۆکردنى پێکهێنانى ئەنجومەنەکەیە و دواتر پێویستە پەیڕوى ناوخۆى بۆ دابندرێت و بە یاسایەک کارەکانى رێکبخرێت و ماوەى دەستبەکاربوونى دیارى بکرێت.
بە وتەى نورەدینى، ئەو ئەنجومەنە کاریگەرى باشى دەبێت لە دیاریکردن و چارەسەرکردنى گرفتە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان و وڵاتان بە تایبەت گرفتەکانى نێوان هەرێم و بەغدا."
