سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ نوێنه‌ری تایبه‌تی سه‌رۆكی رووسیای فیدراڵ بۆ كاروباری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌كات

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ نوێنه‌ری تایبه‌تی سه‌رۆكی رووسیای فیدراڵ بۆ كاروباری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌كات
ئه‌مرۆ سێشه‌مه‌ 31/7/2012به‌رێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌ڵاحه‌دین پێشوازیكرد له‌ به‌رێز میخائیل یۆگدانۆف نوێنه‌ری تایبه‌تی سه‌رۆكی رووسیای فیدراڵ بۆ كاروباری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ و شاندێكی یاوه‌ری كه‌ پێكهاتبوو له‌ به‌رێزان یوری سینتیورین جێگری وه‌زیری وزه‌ی رووسیا و ژماره‌یه‌ك له‌ یاریده‌ده‌رانی و باڵیۆزی ئه‌و وڵاته‌ له‌ عیراق.

له‌دیدرێكدا ، گفتوگۆ كرا له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌ دوو قۆڵییه‌كانی نێوان رووسیای فیدراڵ و هه‌رێمی كوردستان و پێویستیی گه‌شه‌پێدانیان به‌و جۆره‌ی كه‌ خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوو گه‌لی دۆست ده‌كات. له‌و باره‌یه‌وه‌ نوێنه‌ری تایبه‌تی سه‌رۆكی رووسیای فیدراڵ بۆ كاروباری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ ناوی سه‌رۆك پۆتن _ه‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی فه‌رمی داوای له‌ سه‌رۆك بارزانی كرد كه‌ سه‌ردانی رووسیای فیدراڵ بكات و سه‌ردانه‌كه‌شی له‌ كۆتایی مانگی تشرینی دووه‌می ئه‌مساڵدا ئه‌نجام بدرێ‌.

هه‌روه‌ها نوێنه‌ری تایبه‌تی سه‌رۆكی رووسیای فیدراڵ رایگه‌یاند كه‌ مۆسكۆ به‌ بایه‌خێكی زۆره‌وه‌ ده‌روانێته‌ ئه‌م سه‌ردانه‌ی سه‌رۆك بارزانی و ویست و ئاره‌زووێكی زۆریش هه‌یه‌ بۆ چه‌سپاندنی بنه‌ما به‌هێزه‌كانی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ مێژووییه‌ و ئه‌وه‌شی راگه‌یاند كه‌ خه‌ڵكی رووسیا هاوسۆزییه‌كی زۆریان له‌گه‌ڵ گه‌لی كوردستاندا هه‌یه‌ ، به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك بارزانی .

سه‌رۆك بارزانی وێرای قبوڵكردنی ده‌عوه‌ته‌كه‌ی سه‌رۆك پۆتن ، ئاماژه‌ی به‌ په‌یوه‌ندییه‌ مێژینه‌كه‌ی نێوان هه‌ردوو گه‌لی كوردستان و رووسیای فیدراڵ كرد و روونیكرده‌وه‌ كه‌ زه‌مینه‌یه‌كی هاوبه‌ش وهاوسۆزییه‌كی زۆر كۆیان ده‌كاته‌وه‌ وخواستی هه‌رێمیشی دووپاتكردوه‌ له‌ فراوانكردنی ئاسۆی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ رووسیای فیدراڵدا

هه‌ر له‌و دیداره‌دا گفتوگوكرا له‌ باره‌ی ره‌وتی روداو و پێشهاته‌ سیاسییه‌كان له‌سه‌ر ئاستی عیراق و ناوچه‌كه‌
Top