كۆبوونەوەی سەرۆكی هەرێم لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەستی پێ كرد

كۆبوونەوەی سەرۆكی هەرێم لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەستی پێ كرد
سەرچاوەیەكی ئاگەدار رای گەیاند، كەمێك بەر لە ئێستە لە هاوینە هەواری پیرمام كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بۆ تاوتوێكردنی دۆخی سیاسیی ئێستەی عێراق و كوردستان دەستی پێ كرد.

سەرچاوەكە لە لێدوانێكی تایبەتدا بەئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ى راگەیاند، سەعات 11:00 ی پێشنوەڕۆی ئەمڕۆ لە هاوینە هەواری پیرمام / 5 كم باكوری هەولێر/ كۆبووەنەوەى مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەركردە و نوێنەرانی پارت و لایەن و هێزە سیاسییەكانی كوردستان دەستی پێ كرد.

روونی كردەوە، لەو كۆبوونەوەیەدا ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتى كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و سەرۆك و سكرتێری ژمارەیەك لە حزب و لایەنەكان بەشدارن، لەلایەنی ئۆپۆزسیۆنیش یەكگرتوو و كۆمەڵی ئیسلامی بەشدارن بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان بەشدار نییە و چاوەڕوانیش دەكرێ تا دوای نیوەڕۆ كۆبوونەوەكە درێژەی هەبێ.

ئەوەی خستەڕوو، لەو كۆبوونەوەیەدا تاوتوێی دۆخی ئێستەی عێراق و كوردستان و ناوچەكەش دەكرێ، لەبارەی پرسی ناوەخۆی كوردستانیش پرسی هێنانی هێزی سوپای عێراق بۆ ناوچە جێناكۆكەكان بەتایبەتیش لە ناوچەی زوومار و خاپوور دەكرێ.

پتر گوتى، چاوەڕوان دەكرێ لەبارەی تاوتوێكردنی دۆخەكەكانەوە لە كۆتاییدا بەیاننامەیەك بێتە بڵاوكردنەوە.












ئاكانیوز
Top