هێزی پێشمەرگە دانوستان لەگەڵ سوپای عێراق ڕەت دەكاتەوە
سەرۆكی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە و شەهیدان و قوربانیانی جینۆساید لە پەرلەمانی كوردستان، محەممەد شارەزووی، ئەو زانیاریانەی بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێر دا. ئەو كە ئەمڕۆ دووشەممە، سەرۆكایەتیی سەردانی لیژنەكەی دەكات بۆ ئەو ناوچانەی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بەرانبەر یەك وەستاون، ڕەتكردنەوەی دانوستانەكەی لەلایەن فەرماندەیی لیوای 8ـی پێشمەرگەی پاسەوانیی هەرێم و لیوای 15ـی پۆلیسی پاسەوانی سنوور پێ گوتراوە. داوای هێزی پێشمەرگە ئەوەیە كە فەوجی 2ـی لیوای 38ـی فیرقەی 10 كە لە شاری ناسرییەوە جوولەی پێكراوە، پاشەكشە بكەن و بۆ شوێنی خۆیان بگەڕێنەوە.
شارەزووری سەبارەت بە سەردانەكەی دەڵێ: \"ئێمە سڵاوی پەرلەمانمان بە هێزی پێشمەرگە گەیاند. ورەی ئەو هێزە بەرزە. بە داخەوە وەك دەبینین سوپای عێراقی بە بیانووی پاراستنی تەناهیی سنوور ڕێككەوتنەكانی پێشێل كردووە، ئەگەینا ئەو شوێنانە پۆلیسی پاسەوانیی سنووری عێراقیان تێدایە كە هەموویان هاووڵاتی عەرەبن.\""
ئەو ڕەتی كردەوە كە هیچ جۆرە بەرەوڕووبوونەوەیەك لە نێوان هێزەكاندا ڕووی دابێت.
بڕیارە دوای گەڕانەوەیان، لیژنە پەرلەمانییەكە لە ڕاپۆرتێكدا پێداویستییەكانی هێزی پێشمەرگە بۆ سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی حكوومەتی هەرێم بەرز بكاتەوە.
دوای پەرەسەندنی پێكدادانی شۆڕشگێرانی سووریا لەگەڵ سوپای ڕژێمی بەشار ئەسەد و ئازادبوونی بەشێك لە شارە كوردییەكان، فەوجی 2ـی لیوای 38ـی فیرقەی 10 بە بیانووی پاراستنی تەناهیی سنوورەكان لەلایەن سەرۆكوەزیرانی عێراق، نووری مالیكییەوە جووڵەیان پێ كرا. ئەو شوێنانەیش بە ناوچەجێناكۆكەكان ناسراون و بەپێی رێككەوتنەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، پێویستە هەر جووڵە و ئۆپەراسیۆنێك لەو شوێنانەدا بە ئاگاداری و هەماهەنگیی یەكتر بێت.
وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێی وایە حكوومەتی بەغدا بەو كارانەی ماددەكانی 9، 61، 111 و 121ـی دەستووری هەمیشەیی عێراقی پێشێل كردووە.
"
