بەرپرسێكی كوردی سووریا: مەسعوود بارزانی ناوبژیوانی لە نێوان لایەنە كوردییەكانی سووریادا دەكا
شەلال گەدۆ ئەندامی سەركردایەتیی حزبی چەپی دیموكرات لە سووریا بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، ماوەی چەند حەوتوویەكە ئاڵۆزی و ناكۆكی لە نێوان ئەنجوومەنی نیشتمانیی كوردی سووریا كە 16 پارت و لایەنی سیاسیی كورد لەخۆ دەگرێ، لەگەڵ ئەنجوومەنی گەل كە پارتی یەكێتی دیموكراتی (پەیەدە)یە تەشەنەی كردووە.
روونی كردەوە، ئێستە سەرۆكی هەرێمی كوردستان ناوبژیوانیی نێوان هەردوو ئەنجوومەنەكە دەكا بۆ ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكانی نێوانیان و یەكخستنی هەوڵ و هەڵوێستی كورد لە سووریادا.
زیاتر گوتی، لەم چوارچێوەیەدا ئەمڕۆ سەرۆكی هەرێم لەگەڵ ساڵح موسلیم هاوسەرۆكی پارتی یەكێتی دیموكراتی كۆ بووەتەوە بۆ چارەسەركردنی ئەو ناكۆكییانەی نێوانیان.
گەدۆ ئاماژەی بەوەش دا، بڕیارە ئەو ناوبژیوانیكردنەی بارزانی تا گەیشتنی هەردوو لایەن بە چارەسەرێك بەردەوام بێ، بە ناوبژیوانیكردنی بارزانیش شیمانەی ئەوە دەكرێ ئاڵۆزییەكانی نێوانمان بەرەو نەمان بچێ، چونكە هەردوو لایەن بە ڕێزێكی زۆرەوە لە كەسایەتیی بارزانی دەڕوانن.
ئەوەشی خستە روو، بەردەوامبوونی ئەو ناكۆكییانە لە بەرژەوەندیی هیچ لایەكماندا نییە، هەروەها مەترسیش لەسەر ئەو دەرفەتە دروست دەكا كە ئەمڕۆ لە سووریا بۆ كورد هاتووەتە پێشەوە.
ماوەی چەند مانگێكە لە چەند ناوچەیەكی كوردستانی سووریادا ناكۆكی و كێشە لە نێوان ئەندام و لایەنگرانی هەردوو ئەنجوومەنی نیشتمانیی كوردی سووریا و ئەنجوومەنی گەلدا سەری هەڵداوە.
