سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له نوێنه‌ری تایبه‌تی سه‌رۆكی رووسیا بۆ كاروباری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌كات
له‌دیدرێكدا ، گفتوگۆ كرا له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه دوو قۆڵییه‌كانی نێوان رووسیا و هه‌رێمی كوردستان و پێویستیی گه‌شه‌پێدانیان به‌و جۆره‌ی خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی باڵای هه‌ردوو گه‌لی دۆست ده‌كات. له‌و باره‌یه‌وه نوێنه‌ری تایبه‌تی سه‌رۆكی رووسیای فیدراڵ بۆ كاروباری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست وێرای گه‌یاندنی سڵاوی سه‌ركردایه‌تی رووسیا ، نامه‌یه‌كی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیای راده‌ستی سه‌رۆك بارزانی كرد كه تیایدا به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی داوای لێده‌كات سه‌ردانی رووسیای فیدراڵ بكات و سه‌ردانه‌كه‌شی له نیوه‌ی دووه‌می ئه‌مساڵدا ئه‌نجام بدرێ.
هه‌روه‌ها نوێنه‌ری تایبه‌تی سه‌رۆكی رووسیای فیدراڵ رایگه‌یاند كه مۆسكۆ به بایه‌خێكی زۆره‌وه ده‌روانێته ئه‌م سه‌ردانه‌ی سه‌رۆك بارزانی و ویست و ئاره‌زووێكی زۆریشی هه‌یه بۆ چه‌سپاندنی بنه‌ما به‌هێزه‌كانی ئه‌و په‌یوه‌ندییه مێژووییه و ئه‌وه‌شی راگه‌یاند كه خه‌ڵكی رووسیا هاوسۆزییه‌كی زۆریان له‌گه‌ڵ گه‌لی كوردستاندا هه‌یه به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك بارزانی ، راسته وڵاته‌كه‌ی تا ئێستا له په‌ره‌پێدانی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه كه‌مته‌رخه‌م بووه به‌ڵام ئێستا كاتی ئه‌وه هاتووه زۆر به جدی كار له سه‌ر په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كان بكرێ ، به‌تایبه‌تی كه ئێستا هه‌رێمی كوردستان به‌هۆی سیاسه‌تی حه‌كیمانه‌ی سه‌ركردایه‌تی كورد بوه‌ته جێی سه‌رنجی هه‌موو وڵاتانی جیهان ، بۆیه بڕیارمان داوه به‌هه‌موو توانایه‌كمانه‌وه هاوكاری هه‌رێم بكه‌ین له گشت بواره‌كاندا، به‌تایبه‌تی بواری نه‌وت و غاز و ئابووری و بازرگانی و رووسیاش چاوه‌ڕوانی ئاماژه‌یه‌كی سه‌رۆك بارزانی یه كه پێگه‌یه‌كی تایبه‌تی له لای رووسه‌كان و رێك له‌لای كورده‌كانی رووسیا هه‌یه و به سه‌رۆكی خۆیانی ده‌زانن بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست به‌و كارانه بكه‌ن كه پێیان ده‌سپێردرێ.
پاشان به‌رێز یوری شه‌مپرانی سه‌رۆكی یه‌كێتی به‌رهه‌مهێنه‌رانی نه‌وتی رووسیا پلانی یه‌كێتی یه‌كه‌ی روونكرده‌وه سه‌باره‌ت به چۆنیه‌تی په‌ره‌پێدانی بواری نه‌وت و غاز وستایشی سیاسه‌تی ئه‌و بواره‌ی كرد كه له كوردستاندا په‌یره‌و ده‌كرێ و به‌سیاسه‌تێكی سه‌ركه‌وتووانه له‌قه‌له‌م دا و رایگه‌یاند كه هاتنی یه‌كێتی به‌رهه‌مهێنه‌رانی نه‌وتی رووسیا ئاماژه‌یه‌كه بۆ هاتنی هه‌موو كۆمپانیاكانی رووسیا بۆ هه‌رێمی كوردستان كه ئه‌مرۆ پێگه‌یه‌كی پڕ بایه‌خی هه‌یه له ناوچه‌كه‌دا
سه‌رۆك بارزانی وێرای قبوڵكردنی ده‌عوه‌ته‌كه‌ی سه‌ركردایه‌تی رووسیا، ئاماژه‌ی به په‌یوه‌ندییه مێژینه‌كه‌ی نێوان هه‌ردوو گه‌لی كوردستان و رووسیا كرد و روونیكرده‌وه كه زه‌مینه‌یه‌كی هاوبه‌ش وهاوسۆزییهكی زۆر كۆیان ده‌كاته‌وه وخواستی هه‌رێمیشی دووپاتكردوه له فراوانكردنی ئاسۆی په‌یوه‌ندی و هه‌ماهه‌نگیی و قوڵكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی دۆستانه له گه‌ڵ رووسیای فیدراڵ‌دا هه‌ر له‌و دیداره‌دا گفتوگوكرا له باره‌ی ره‌وتی روداو و پێشهاته سیاسییه‌كان له‌سه‌ر ئاستی عیراق و ناوچه‌كه
