سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان سه‌رپه‌رشتی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌شی ئیئتیلافی عیراقیه‌ و هاوپه‌یمانی كوردستانی ده‌كات

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان سه‌رپه‌رشتی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌شی ئیئتیلافی عیراقیه‌ و هاوپه‌یمانی كوردستانی ده‌كات
ئه‌مرۆ دووشه‌ممه‌ 28/5/2012 به‌رێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌ڵاحه‌دین سه‌رپه‌رشتی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌شی ئیئتیلافی عیراقیه‌ و هاوپه‌یمانی كوردستانی كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ له‌ لایه‌ن ئیئتیلافی عیراقیه‌وه‌ د.ئه‌یاد عه‌لاوی سه‌رۆكی ئیئتیلافه‌كه‌ و ئوسامه‌ ئه‌لنجێفی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق و ساڵح موتڵه‌گ جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراقی فیدراڵ و ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده‌ی ئیئتیلافه‌كه‌ و له‌ لایه‌ن هاوپه‌یمانی كوردستانیش به‌رێزان فازڵ میرانی و د.به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح و مه‌لابه‌ختیار و ئازاد به‌رواری ئاماده‌بوون گفتوگۆكرا له‌ باره‌ی دوایین گۆڕانكاری و پێشهاتی سیاسی له‌ وڵات و هه‌وڵه‌ به‌رده‌وامه‌كان له‌ پێناوی كۆتاییهێنان به‌و بگره‌ و به‌رده‌ سیاسییانه‌ی كه‌ وڵات به‌خۆیه‌وه‌ ده‌یبینێت و تیشكیش خرایه‌ سه‌ر بڕیاره‌كانی هه‌ر دوو كۆبوونه‌وه‌ی هه‌ولێر و نه‌جه‌ف .

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئه‌و ئه‌گه‌رانه‌ تاوتوێكران كه‌ بۆ كۆتاییهێنان به‌ ته‌نگژه‌كه‌ی ئێستای عیراق پێویست به‌ پیاده‌كردنیان ده‌كات كه‌ سه‌ندنه‌وه‌ی متمانه‌ یه‌كێك بوو له‌و ئه‌گه‌رانه‌ .

هه‌روه‌ها كۆبوونه‌وه‌كه‌ جه‌ختی له‌سه‌ر گرنگی به‌ستنی هاوپه‌یمانێتی نیشتمانی كرده‌وه‌ له‌ سه‌ر ئاستی عیراق بۆ چه‌سپاندنی سیسته‌می دیموكراتی له‌ وڵات و پابه‌ندبوون به‌ ده‌ستوور و رێنه‌دان به‌ به‌رده‌وامبوونی ئه‌و سیاسه‌ته‌ تاكڕه‌ویه‌ی كه‌ ئێستا له‌ عیراقدا پیاده‌ ده‌كرێ‌ و بڕیاریش درا درێژه‌ به‌و كۆبوونه‌وانه‌ بدرێت.
Top