نێچیرڤان بارزانی: ئەمەریكا گەرەنتیی بێدەنگ نەبوونی داوە لە ئەگەری بەكارهێنانی هێز لە دژی هەرێم
سەرۆكی حكوومەت لە دیمانەیەكدا لەگەڵ رۆژنامەی \"هاوڵاتی\"" كە لە ژمارەی ئەمڕۆ یەكشەمیدا بڵاوی كردووەتەوە، دەڵێ \""سەرباری ئەوەی هەندێك گلەیی ئەوە هەیە گوایە كورد یەكدەنگ و یەكهەڵوێست نەبێت، بەڵام بە ڕای من لەم كاتەدا پێوەندیی نێوان یەكێتی و پارتی گرینگە و لەو پێوەندییەشدا نێوانی تاڵەبانی و بارزانی، چونكە ئەوان لەسەر رووداو و پێشهاتەكان تەبا و كۆكن\"".
بارزانی دەڵێ كوردستان بە قۆناغێكی تازەدا تێپەڕ دەبێت و چووەتە ناو نەخشەی جیهانیی نەوتەوە، هەر بۆیە حسابی زیاتر بۆ هەرێمی كوردستان دەكرێت، بەجۆرێك تەنانەت هەندێك لەو هێزانەی تا ڕادەیەك نەیار بوون، ئەمڕۆ ئامادەن مامەڵە لەگەڵ كورددا بكەن و چاویان لەوەیە پشكیان هەبێت لە نەوت و غازی كوردستاندا.
لەبارەی پرسی چاكسازی و دژایەتیكردنی گەندەڵی كە تا ئێستە چەندین لێژنەی بۆ پێك هێنراوە، نێچیرڤان بارزانی دەڵێ \""لەم هەلومەرجەدا چاكسازی بە پێكهێنانی لێژنە بەئەنجام ناگات، بەتایبەت كە كۆمەڵێك بەرژەوەندیی گەورە دروست بوون\"". ئەو پێی وایە بنبڕكردنی گەندەڵی پێویستی بە دامەزراندنی چەند دەزگایەك هەیە.
لەبارەی پێوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێم و بەغدا كە ئاڵۆزییەكانی نێوانیان پێی ناوەتە قۆناغێكی مەترسیدارەوە، بارزانی دەڵێ یەكهەڵوێستیی كورد گرینگە. ئاماژە بەوەش دەكا كە ئەمەریكا داوای لە سەركردە عێراقییەكان كردووە كێشەكان لە رێگەی دەستوورەوە یەكلایی بكەنەوە.
بارزانی گوتی، ئەگەر بەغدا لە رێگەی هێزەوە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا بكات، ئەمەریكایییەكان بەڵێنیان پێ داوین كە بێ هەڵوێست نابن\"" ئەوەشی وەك زەمانەتێكی باش وەسف كرد بۆ ئەوەی جارێكی تر بەغدا لە رێگەی هێزەوە مامەڵە لەگەڵ كورددا نەكات.
سەبارەت بەوەی تا چەند كۆدەنگی لەنێوان هێزە سیاسییەكانی كوردستان هەیە لەبەرامبەر بەغدا بەدەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە، بارزانی ئاماژەی بەوە كرد كە كورد یەكدەنگ و یەكهەڵوێستە، بەڵام \""بەرپرسیارێتیی هەندێك لە سەركردەكان وا دەكات رۆڵیان كەمتر دیار بێت، ئەمەش مانای جیاوازی نییە\"". هەروەها گوتی \""تەنانەت لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنیش لەبەرانبەر بەغدا هاوهەڵوێست و هاوبەشین\"".
لەبارەی پێوەندییەكانیان لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە رێككەوتننامەی ستراتیجی لەنێوانیاندا هەیە، بارزانی كە هاوكات جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانە دەڵێ ئەوان بۆچوونی تاڵەبانییان بەلاوە گرینگە چونكە رەقەمێكی قورسە لەناو هاوكێشەكاندا بۆیە زۆر گوێ بەو چەند دەنگە نادەین كە وەك دەنگی جیاواز لەناو یەكێتیدا دەبیسترێت."
